محەممەد کاماچ: کاتی ئەوەیە تورکیا هەنگاو بۆ سەرخستنی پڕۆسەی ئاشتی بنێت

پەرلەمانتارێکی دەم پارتی، دەڵێت: داوامان کردووە لە نێو پەرلەمانی تورکیا دەستەیەک بۆ پرۆسەی ئاشتی پێک بهێنرێت.

هەینی 9ـی ئایاری 2025، محەممەد کاماچ، پەرلەمانتاری دەم پارتی، لەمیانەی بەشداریی لە گەشتێکی هەواڵەکانی کوردستان24ـدا، گوتی: تاوەکوو ئێستا تاکلایەنە هەوڵی سەرخستنی پرۆسەی ئاشتی دراوە و نۆرەی تورکیایە هەنگاوی سیاسیی و کردەیی بە ئاراستەی سەرخستنی پرۆسەکە بنێت.

هاوکات دەشڵێت: داوامان کردووە لە نێو پەرلەمانی تورکیا دەستەیەک بۆ پرۆسەی ئاشتی پێک بهێنرێت. 

هەر ئەمڕۆ، پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاشکرای کرد، ڕۆژانی 5 بۆ 7ـی ئەم مانگە، بە بەشداریی نوێنەرانی هەموو بوارەکانی خەبات، کۆنگرەیان لە دوو ناوچەی جیاواز بەستووە و دیدگا و پێشنیازەکانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی ڕێکخراوەکە خوێندووەتەوە و هەڵسەنگاندنیان بۆ کردووە.

لە یەکەم کاردانەوە دوای ڕاگەیەندراوەکەی پەکەکە لەبارەی کۆنگرە، پەروین بوڵدان، ئەندامی شاندی ئیمراڵی ڕایگەیاند: دوای ئەم ڕاگەیاندنە تورکیا دەچێتە قۆناغێکی نوێ.

پەروین بوڵدان گوتیشی: ئاواتمان ئەوە بوو سری سورەیا ئۆندەر ئەم ڕۆژە ببینێت، چونکە هەوڵ و کۆششێکی زۆری بۆ سەرخستنی پرۆسەکە کرد.

 
Fly Erbil Advertisment