تاڤگەی نۆژیانی لوڕستان بووەتە ترێندی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە ئێران

تاڤگەی نۆژیان لە پارێزگای لوڕستان بەرزترین تاڤگەی سنووری پارێزگاکەیە و دووەم بەرزترین تاڤگەی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە، جوانی و سەرنجڕاکێشی سروشتەکەی ساڵانە هەزاران گەشتیار بۆ پارێزگاکە ڕادەکێشیت.
تاڤگەی نۆژیان لە باشووری ڕۆژهەڵاتی شاری خوڕەمئاوای ناوەندی پارێزگای لوڕستان هەڵکەوتووە. تاڤگەکە 95 مەتر بەرزە و لە ڕێژگەکەیدا 5 مەتر پانە.
ئاوی تاڤگەی نۆژیان لە چیا بەرزەکانی زاگرۆسی ناوەندییەوە سەرچاوە دەگرێت، یەکێک لە شوێنە گەشتیارییە بەناوبانگەکانی پارێزگای لوڕستانە. بە تایبەت لە وەرزی بەهاردا، بە هۆی بارانی زۆر و توانەوەی بەفری چیاکانەوە ئاوی زۆر دەبێ و گەشتیارێکی زۆر رووی تێ دەکەن.

مەهدی خۆشکەلام، گەشتیار دەڵێت: دیمەنەکانی ئەم تاڤگە و سروشتە جوانەی نۆژیان لەتۆڕە کۆمەڵایەتییەکان زۆر بڵاوە و بۆ هەموو خەڵکی ئێران ناونیشان و ناوبانگی دڵگیرییەکەی ئاشکرایە، ئەم کاتەی وەرزی ساڵیش خۆشترین کاتە بۆ ئەوەی سەردانی بکرێت.
ئاوی سازگار و هەوای فێنک و چیای داپۆشراو بە داری بەڕوو و بوونی دەیان جۆر گیای دەرمانی لەم ناوچەیە، هەموویان دەستیان داوەتە دەست یەک بۆ ئەوەی تاڤگەی نۆژیان ببێتە شوێنێکی سەرنجراکێش بۆ گەشتیاران.
تاڤگەی نۆژیان لە چیای تافەوە دەڕژێتە خوار، لە سەرووی تاڤگەکەوە و لەسەر ئەم چیایە دارستانێکی گەشتیاریی تایبەت هەیە، کە گەشتیاران دەتوانن دوای سەردانی تەڤگەی نۆژیان بۆ حەسانەوە ڕووی تێ بکەن.

مەهسا زارعی، خانمە گەشتیارێکە و دەڵێت: قەراغ تاڤگەکە و سەرەوەی چیاکە هەر هەمووی دار بەڕووە، ئەم کاتانەی ساڵ بە تایبەت لە مانگی چوار پێنجدا تاڤگەکە زۆر سەربجڕاکێشتر دەردەکەوێت و گەشتیارێکی زۆر ڕووی تێدەکەن.
پارێزگای لوڕستانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان، کە هەموو ڕووبەرەکەی لە زاگرۆسی ناوەندی هەڵکەوتووە و ناوچەیەکی شاخاوی و پڕبارانە.
ئەم پارێزگایە زیاتر لە 50 تاڤگەی تێدا هەڵکەوتووە، بەڵام تاڤگەی نۆژیان بەرزترینیانە و لە دوای تاڤگەی پیرانی پارێزگای کرماشان، بە دووەم بەرزترین تاڤگەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان هەژمار دەکرێت، هەروەها یەکێکە لە 10 تاڤگەی هەرە بەرز لە ئاستی ئێراندا، کە لە ساڵی 2008دا لە ڕیزبەندی شوێنەوارە سروشتییە نیشتمانییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران تۆمار کراوە.
