هاتنی گەشتیاران هەلی کاری بۆ گەنجانی ئاکرێ ڕەخساندووە
هاتنی گەشتیاران هەلی کاری بۆ گەنجانی ئاکرێ ڕەخساندووە و بەڕێوەبەرایەتیی گەشتوگوزاری شارەکەش داوا دەکات، پرۆژەی گەورەی گەشتیاری لە دەڤەرەکەیان جێبەجێ بکرێن.
بەرەوپێشبردنی کەرتی گەشتیاری و هاتنی گەشتیاران لە ناوخۆ و دەرەوەی هەرێمی کوردستان بۆ شوێنە گەشتیارییەکانی سنووری قەزای ئاکرێ، هەلی کاری بۆ هەزاران گەنجی شارەکە ڕەخساندووە.
سالار عەزیز، لە هاوینەهاواری بجیل لە سنووری ئاکرێ، خاوەن ساردەمەنییە و بە ئاری حوسێن، پەیامنێری کوردستان24ـی ڕاگەیاند "بە هۆی هاتنی بەردەوامیی گەشتیاران بۆ هاوینەهەواری بجیل، حەوت ساڵە خاوەنی ساردەمەنیم؛ دەیان گەنجی دیکەش هەر لەم شوێنە گەشتیارییە میوە، شیرینی و بەرهەمە خۆماڵییەکان دەفرۆشن و لە بێکاری ڕزگاریان بووە."
نهزیر مههداوی، فروشیارێکی بەرهەمە خۆماڵییەکانە لە هاوینەهاواری بجیل و ئاماژەی بەوە دا "ئەگەر پێش حەوت هەشت ساڵ سەردانی ئەم شوێنە گەشتیارییەت کردبا، 10 گەنجت نەدەبینی کار بکەن و بەرهەمەکانیان بفرۆشن، بەڵام ئێستا بەهۆی بەرەوپێشبردنی کەرتی گەشتیاری، تەنیا لەم شوێنە زیاتر لە 150 گەنج بوونەتە خاوەن کار."
بە گوێرەی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتیی گەشتوگوزاری ئاکرێ، ئەمساڵ لە نێو کەرتی گەشتیاری لە سنووری قەزاکە، هەڵی کار بۆ زیاتر لە سێ هەزار گەنج ڕەخسێنراوە و دەیانەوێت لە ڕێگەی جێبەجێکردنی ژمارەیەک پرۆژەی گەورەی گەشتیاری، ژمارەکە زیاتر بکەن.
پشتیوان نامق، سەرپەرشتێکی گەشتوگوزاری ئاکرێ بە پەیامنێری کوردستان24ـی ڕاگەیاند "ئەگەر هەندێک پرۆژەی گەورەی گەشتیاری وەک هۆتێل، مۆتێل، شاری یاری و تەلەفریک لە شوێنە گەشتیارییەکانی ئاکرێ جێبەجێ کرابان، بەشێکی زۆری گەشتیاران دەیانتوانی شەوانە لە ئاکرێ بمێننەوە. ئێستا لەبەر نەبوونی ئەو شوێنانە، گەشتیاران ڕۆژانە کە سەردانمان دەکەن، ناچارن دوای پێنج شەش کاتژمێر بگەڕێنەوە شارەکانیان، چونکە شوێن نییە لێی بمێننەوە. چەندان ساڵە گەشتیاران داوا دەکەن جێگەی شەومانەوەیان بۆ دروست بکرێت، ئەگەر دروست بکرێن، دڵنیام زیاتر لە 10 هەزار گەنج دەبنە خاوەن کار."
دەیان شوێنی گەشتیاری لە ئاکرێ هەن و ساڵانە لە هەر چوار وەرزی ساڵ، دەیان هەزار گەشتیار لە ناوخۆ و دەرەوەی هەرێمی کوردستان سەردانیان دەکەن.