ئەشكەنجەدان و خنكاندنیان لە دەریادا.. ھەندێك لەو مەینەتیانەی دانیشتوانە رەسەنەكان دووچاری بوون
لە رۆژی جیھانیاندا دانیشتوانە رەسەنەكان ھێشتا دەناڵێنن

K24 - ھەولێر:
كەس پیاوی سپی پێست بە تاوانبار نازانێت، كاتێك دەگووترێت زۆر كاری دڕندانهی كردووە، ھەر ئەو بوو گەیشتە لای ھندییە سوورەكان و تاوانی زۆر خراپی دژ بەو دانیشتوانە رەسەنە كرد؛ كە نەتەوەیەكی بچووك بوون و لەو ناوچەیەدا دەژیان، لە پێناو داگیركردنی ناوچەكانیان یاخود وەك خۆی دەڵێت: بۆ ئەوەی فێری شارستانییەتیان بكات. لە بیری چوو؛ كە كەسی مردوو ناتوانێت خۆشی لە شارستانیهت وەرگرێت.
داگیركاران كاری زۆر دڕندانەیان بەرانبەر بە دانیشتوانە رەسەنەكان كرد، ئەوە كارانەش لە ژمار نایەت، لە رۆژی جیھانی دانیشتوانی رەسەندا، بەشێكیان یاد دەكەینەوە، وەك ھەوڵێك بۆ یادكردنەوەی ئەو كەسانەی كە پێشتر لێرە بوونە.
دانیشتوانی باتجونیا.. ئەوانەی لە سەر ئاو ژیان و تێیدا نێژران:

بە خەڵكی ئاو دەناسران: پێش ئەوەی پیاوی سپی بگاتە ئەوێ، دانیشتوانە بەراییەكانی باتجونیا لە چیلی دەژیان، لە ھارمۆنیەكدا لەگەڵ گەردوون گۆشەگیری دەریا بوون؛ پێنج تیرە بوون، كاویسكار، سیلكنام، ئۆنیكین، ھوش و جامانا، لەوانەیە ھیچی دیكەیان نەویستبا جگە لە ژیان لە ھاوسێیەتی و تەنیشت دەریادا. گابرێلا باتیریتو، كە یەكێكە لە دانیشتوانە رەسەنەكانی ئەو ناوچەیە، لە فیلمێكی دیكۆمێنتەریدا بە ناوی "دوگمەی مرواری" دەگێڕێتەوە و دەڵێت: ئەو ھەست ناكات ھاووڵاتییەكی چیلییە، ئەو لە تیرەی كاویسكارە، یان كە پێیدەڵێن: گەلی ئەلاكۆف یان ھالاكولووب.
رۆڵەكانی ئەم تیرەیە لە رۆژئاوای بتاجونیا لە تەنیشت دەریادا دەژیان و ھیچ شاریان درووست نەكرد و ھیچ شوێنەوارێكیشیان بەجێنەھێشت. بڕوایان وابوو لە دوای مردن دەبن بە ئەستێرە.
بەڵام پیاوی سپی نەیھێشت لە ئاشتیدا بمێننەوە، دەستی بەداگیركردنی خاكەكەیانی كرد. كەسیش پشتیوانیی نەكردن لە گەڕانەوەی مافەكانیان تەنیا سەرۆكی ھەڵبژێردراوی چیلی، سلفادۆر ئەلیندی نەبێت، كە قەرەبووی كردنەوە بەگەڕاندنەوەی خاكە داگیركراوەكانیان تا كودەتا بە سەر حكومەتە سۆسیالیستەكەی ئەلیندیدا كرا.

كودەتاچییەكان 16 ساڵ مانەوە؛ تێیدا چیلی گشت جۆرەكانی ئەشكەنجەدان، دیكتاتۆرییەت و زیندانی تاقیكردەوە. دواتر زانرا، كە ئەو دەریایەی دانیشتوانی باتجونیا خۆشیاندەویست بووەتە گۆڕستانیان؛ ھەندێ لە ئەفسەرەكان دانیاننا بە فڕێدانی تەرمی دانیشتوانە رەسەنەكە بۆ ناو دەریا، دوای ئەوەی شیشی ئاسنیان دەخستە سەر لەشیان، ھیچیان لێ نەدەمایەوە تەنیا ھەندێك دوگمەی مرواری نەبێت؛ ئەمەش دڕندەگەرایی جەنەراڵ ئۆجستۆ بینۆشێە پیشاندەدات.
خوێنی گەلی ئەمازۆن بە تایەی ئۆتۆمبێڵەكەتەوەیە:
ھەر یەك لە ئۆماریۆ و ریكاردۆ كە لە گەلی ئەمازۆن بوون، پێشكەش بە كونسوڵی بریتانی رۆجەر كیسمنت كران لە بوتیۆمایۆ لە كۆڵۆمبیا، یەكێكیان بە پانتۆڵێك و كراسێك گۆڕابوویەوە و ئەوەی دیكە لە یاری قوماردا بردرابوویەوە. حكومەتی بریتانیا "كیسمنت"ی ناردبوو بۆ ئەوەی لێكۆڵینەوە لەو تاوانانە بكات كە دژ بەو گەلە دەكرێت. دیپلۆماتكاری بریتانی، رۆجەر كیسمنت لە ساڵی 1904 لە راپۆرتەكانیدا؛ كەوتە بە بەڵگەكردنی كۆیلەكردن و ئەشكەنجەدانی دژ بە كۆكەرەوانی مەتات لە دانیشتوانی رەسەنی ناوچەكە.
مەتات لە دارستانەكانی ئامازۆن لە نیوەی دووەمی سەدەی نۆزدەم دۆزرایەوە، خواستیشی لە سەر زۆر بوو، بە ھۆی ئەوەی دهچێتە نێو زۆر لە بەرھەمەكانەوە. دوای كۆمپانیایەكی ئەمەریكایی رێگایەكی دۆزییەوە بۆ بەكارھێنانیدا لە درووستكردنی تایەی ئۆتۆمبێلەكان؛ خواست لە سەری گەیشتە ئەو پەڕی خێرایی و كۆمپانیای فۆرد دەستی بە بەرھهمهێنانی گەورەی ئۆتۆمبیل كرد.

ئەو لێكۆڵینەوانەی كیسمنت ئەنجامیدان، چەسپاندیان، دانیشتوانە رەسەنەكان بە كۆیلەكراون و كوژراون لە پێناو مەتاتدا بۆ پڕكردنەوەی پێداویستییە زیادبووەكانی ئەورووپا و ئەمەریكا بۆ مەتات. زیاتر لە 30 ھەزار كەس لەم گەلە كوژران و بە كۆیلەكران.
كیسمنت لە نێوان 1910 تا 1911 لە نووسینەوەی رۆژانەی خۆیدا ئەو رەفتارە دڕاندانانە دژ بە كۆكەرەوانی مەتات باس كردووە لە ئەشكەنجەدان و جەڵدەلێدانیان.
كیسنمت لە یادەوەرییەكانی دەڵێت: گەلی ئەمازۆن بە ھەموو شێوەیەك بەزۆر بردران بۆ كۆكردنەوەی مەتات، كە لە بنەڕەتدا ئەوان گەلێكن فێر نەببوون بۆ كاتێكی درێژ كار بكەن، ئەوان تەنھا لەگەڵ راوە ماسی و راوە باڵندە راھاتبوون بۆ دابینكردنی خۆراكی خۆیان، درووستكردنی تایە بۆ كۆمپانیا گەورەكان لە بەرنامەی كارییاندا نەبوو.

پیاویان لە ترینیداد و جامایكا پەلكێشكرد لە پێناو بەكۆیلەكردنیان بۆ كۆكردنەوەی مەتات، سزاكانی كەمتەرخەمی و چوست كارنەكردنان زۆر توند و دڕندانە بوون، تەنانەت دەگەیشتە كوشتنیش. ئافرهتانیش بەشی خۆیان ھەبوو لە بەكۆیلەكردن و دەستدرێژی سێكسی. ئەمانە ھەر ھەمووی لە پێناو تایەی ئۆتۆمبیلێك كە ھێشتا شوێنی خوێنی دانیشتوانە رەسەنەكانی پێوەیە.

دانیشتوانە رەسەنەكانی پاراگوای دەسڵاتدارانیان بردە دادگا:
لە پاراگوای لە ماوەی ساڵانی پەنجاكان و شەستەكانی سەدەی رابردوو، تیرەی ئاشی كە لەسەر كۆكردنەوە و راو دەژیا، لەگەڵ فراوانبوونی كاری كشتووكاڵی لە رۆژھەڵاتی پاراگوای لە ساڵانی پەنجاكاندا، خۆی لە بەردەم داگیركارێكدا دۆزییەوە، كە دەیویست دەست بە سەر زەوییەكانیدا بگرێت. ئەم داگیركارە سڵی نەدەكردەوە لە كوشتنی نێرینەكانی تیرەكە و گرتنی ئافرەتەكانیان و بردنی منداڵانیان بە كۆیلە، دەربازبووەكانی كوشتارگەكەش حكومەتی پاراگوایان بردە دادگا لە كهیسێكدا، كە لە ساڵانی حەفتاكانی سەدەی رابردوو دەنگدانەوەیەكی زۆری ھەبوو.

جیاوازی رووخسار یەكێكە لە ھۆكارەكانی جیاوازیكردنی رەگەزی دژی دانیشتوانە رەسەنەكان، ئێستا وێڕای داننانی پاراگوای بەو مافانەی نەتەوەیەكگرتووەكان بڕیاری لەسەر داوە بۆ دانیشتوانە رەسەنەكان و ژمارەیان لە پاراگوای 19 كۆمەڵەنە، ھێشتا ھەندێكیان بە ویستی خۆیان لە گۆشەگیری تەواودا دەژین، ئەوان ھێشتا ھەر بەدەست جیاوازی رەگەزی و بێبەشبوون لە مافە ئابووری، رۆشنبیری و كۆمەڵایەتییەكان دەناڵێنن.