هێمن سەید موراد: لە سنووری هەولێر دروێنەی گەنم دەستی پێ کردووە

بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەولێر ڕایگەیاند، لە سنووری پارێزگای هەولێر زیاتر لە 318 هەزار دۆنم گەنمی بەراومان هەیە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 11ـی ئایاری 2025، هێمن سەید موراد، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەولێر، تایبەت بە ماڵپەڕی کوردستان24، ڕایگەیاند "لە هەندێك شوێنی سنووری پاریزگای هەولێر، وەرزی دروێنەی گەنم دەستی پێ کردووە."
بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی هەولێر دەشڵێت: دروێنەی گەنم لە ناوچەی قەراج، مەخموور، دیبەگە و چەند شوێنێکی دیکە دەستی پێ کردووە.
دەشڵێت: دروێنەی گەنم هەموو ساڵێک کۆتایی مانگی ئایار و سەرەتای حوزەیران لە سنووری پارێزگای هەولێر بەتەواوی دەست پێ دەکات، و پرۆسەی بە بازاڕ کردنی بۆ دەکرێت.
ئاماژەی بەوەش دا، بەرهەمی گەنمی ئەمساڵ بە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو کەمترە، بەهۆی کەمبارانی و هەر وەها ئەو بڕیارەی حکوومەتی عێراقی کە ڕێژەی وەرگرتنی گەنمی کوردستانی دیاری کردبوو.
هێمن سەید موراد گوتیشی: ئێمە زیاتر چاومان لەسەر ئەو زەوییانەیە کە بەراون و سەرچاوەی ئاویان زیاترە، چونکە لە سنووری پارێزگای هەولێر زیاتر لە 318 هەزار دۆنم زەوی بەراومان هەیە، کۆی ڕووبەری شیاویش کە گونجاوە بۆ ئەوەی دانەوێڵەی تێدا بچێنرێت نزیک بە یەک ملیۆن دۆنم زەوییمان هەبووە، بەڵام هەندێکیان بەهۆی کەمبارانییەوە نەتوانراوە سوودیان لێ وەربگیرێت.