بوومەلەرزەیەکی بەهێز باشووری ڕۆژئاوای چینی هەژاند

بەپێی ناوەندی تۆڕەکانی بوومەلەرزەی چین، کاتژمێر 5:11 خولەکی بەیانی ئەمڕۆ دووشەممە، 12ـی ئایاری 2025، بوومەلەرزەیەکی بەهێز بە گوڕی 5.5 پلەی ڕێختەر لە ناوچەی لازی لە شاری شیگازی لە باشووری ڕۆژئاوای هەرێمی خۆبەڕێوەبەری شیزانگ لە چین هەژاند.

ئاژانسی هەواڵی شینهوای چینی بڵاوی کردەوە، ناوەندی بوومەلەرزەکە لە 28.91 پلەی پانی باکوور و 87.54 پلەی درێژی ڕۆژهەڵات دیاری کراوە.

ناوەندیی تۆڕەکانی بوومەلەرزەی چین ڕایگەیاند، چەقی بوومەلەرزەکە لە قووڵایی 10 کیلۆمەتر بووە.

دەسەڵاتدارانی خۆجێی لە ناوچەی لازی ڕایانگەیاند "بوومەلەرزەکە بە هێز بووە و بەشێک لە دانیشتووانی بەئاگا هێناوەتەوە."

لە دوای بوومەلەرزەکە، پارێزگاکە دەستبەجێ دەستی کردووە بە گرتنەبەری ڕێوشوێنی پێویست، لە هەموو شارو شارۆچکەکانیش هەڵسەنگاندن دەکات. 

تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە و فریاگوزاری لە ناوچەی لازی خرانە حاڵەتی ئامادە باشی و تا ئێستاش هیچ هەواڵێکی دەستبەجێ لە بارەی داڕمانی باڵەخانەکان و زیانە گیانییەکان نەبووە.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment