دۆناڵد ترەمپ شەڕی غەززە بە دڕندانە ناو دەبات و هیوادارە کۆتایی پێ بێت

دووشەممە، 12ـی ئایاری 2025، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا شەڕی ئیسرائیلی لە کەرتی غەززە بە "دڕندە" وەسف کرد و هیوای خواست ئازادکردنی بارمتەی ئیسرائیلی-ئەمەریکایی، عیدان ئەلکسەندەر، یەکەم هەنگاوی کۆتاییهێنان بە شەڕەکە بێت.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا لە پلاتفۆرمی (Truth Social) نووسیویەتی، بە خۆشحاڵییەوە ڕایدەگەیەنم کە عیدان ئەلکسەندەر، هاووڵاتییەکی ئەمەریکییە و لە مانگی ئۆکتۆبەری 2023ەوە بە بارمتە گیراوە، لەگەڵ خێزانەکەی شاد بووەتەوە، گوتیشی، سوپاسی هەموو ئەو کەسانە دەکەم کە یارمەتیدەر بوون بۆ ئازادکردنی عیدان.

ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد، ئەمە ئاماژەیەکی نیازپاکی بوو بەرامبەر ئەمەریکا و هەوڵی نێوەندگیرەکان، (قەتەر و میسر) بۆ کۆتایی هێنان بەم شەڕە دڕندانەیە و گەڕاندنەوەی هەموو بارمتەکان بۆ ناو بنەماڵەکانیان.

سەرۆکی ئەمەریکا گوتیشی، هیوادارم ئەمە یەکەم هەنگاوی بێت بۆ کۆتاییهێنان بەم ململانێ دڕندانەیە.

دوێنێ یەکشەممە، حەماس ڕایگەیاند، لە چوارچێوەی ئەو ڕێوشوێنانەی کە بۆ گەیشتن بە ئاگربەست و کردنەوەی دەروازەکان و ڕێگەدان بە چوونە ژوورەوەی هاوکاری و فریاگوزاری گیراونەتەبەر، عیدان ئەلکسەندەر، ئازاد دەکات.

 

 
 
 
Fly Erbil Advertisment