چین و ئەمەریکا ڕێژەی سەپاندنی باجی گومرگیی سەر یەکدی کەم دەکەنەوە

دوای ئەوەی ئەمەریکا و چین دوو ڕۆژ لەبارەی پرسی بازرگانی نێوانیان کۆبوونەوە، ئەو دوو وڵاتە بڕیاریان دا ڕێژەی سەپاندنی باجی گومرگی بۆ سێ مانگ بەسەر یەکتەر کەم بکەنەوە. 

دووشەممە 12ـی ئایاری 2025، سکۆت باسێنت، وەزیری گەنجینەی ئەمەریکا ڕایگەیاند، وڵاتەکەی و چین لەسەر کەمکردنەوەی باجە گومرگییەکان بە ڕێژەی 115% بۆ 90 ڕۆژ ڕێککەوتەن. بەمەش ڕێژەی باجی گومرگی چین بەسەر ئەمەریکا دەبێتە 10% و هاوکات باجەکانی واشنتن بەسەر پەکین دەبێتە 30%.

هەروەها ئاماژەشی دا، کۆبوونەوەکەی لەگەڵ های لایفینگ، جێگری سەرۆک وەزیرانی چین لە جنێڤ بەرهەمدار بوو، هاوکات پەیوەندییەکانی ئەو دوو وڵاتە بەهێزتر دەکات، پێشبینیشی کرد لە چەند هەفتەی داهاتوو دووبارە کۆببنەوە.

وەزارەتی بازرگانیی چین لەو بارەیەوە لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی داوە، کەمکردنەوەی ئەو باجانە لە پێناو بەرژەوەندیی ئەو دوو وڵاتە و جیهان بووە، هیواشی خواستەوە کۆبوونەوەکان لەگەڵ واشنتن بەردەوام بێت.

یەکشەممە 11ـی ئایاری 2025، جیمیسن گریر، نوێنەری بازرگانیی ئەمەریکا، گوتی: لە ماوەی دوو ڕۆژدا دوو کۆبوونەوەی زۆر بنیادنەر و ئەرێنیمان لەگەڵ چین هەبوون، زۆر بە خێرایی لەبارەی وەستانی باجی گومرگی ڕێککەوتین و جیاوازییەکانی نێوانیشمان زۆر نەبوون.

نوێنەری بازرگانیی ئەمەریکا، ئاشکرای کرد، "سەرۆکی ئەمەریکا مانگی ڕابردوو بەهۆی کورتهێنانی زۆری بازرگانی لەگەڵ چین کە 1.2 تریلیۆن دۆلارە، ئەو ڕێژەی زۆرە باجە گومرگییەی بەسەر چین سەپاند".

جەختی لەوەش کردەوە، لەو بڕوایەدان بە ڕێککەوتنیان لەگەڵ چین کێشەی کورتهێنان چارە دەکرێت.

لەلایەکی دیکەوە، سکۆت بیسنت، وەزیری گەنجینەی ئەمەریکا، ڕایگەیاند: لە کۆبوونەوەکانی نێوان هەردوو شاندی ئەمەریکا و چین پێشکەوتنی بەرچاو بەدی هاتوون.

لای خۆیەوە های لایفینگ، جێگری سەرۆک وەزیرانی چین گوتی: ئەمەریکا و چین میکانیزمێکی نوێیان بۆ ڕاوێژکاری لەبارەی ئابووری و بازرگانی دەست پێ کردووە.

ئاماژەی بەوەش کرد، کە ئامانجی هەردوولا چارەکردنی ناکۆکییەکانە لە ڕێگەی گفتوگۆ و ڕاوێژکاریی هاوبەشەوە. هەروەها گوتیشی: پێشکەوتن و لێکتێگەشتنێکی باش لە بارەی بازرگانیی نێوانمان هەبوو.

شەممە 10ـی ئایاری 2025، هەردوو شاندی بازرگانیی ئەمەریکا و چین، بۆ مەبەستی گفتوگۆ و ڕێککەوتن، گەیشتنە شاری جنێڤی سویسرا و لە ماوەی دوو ڕۆژدا دوو جار کۆبوونەوە.

شاندی ئەمەریکا پێکهاتبوون لە؛ سکۆت بیسنت، وەزیری گەنجینەی ئەمەریکا و جیمیسن گریر، نوێنەری بازرگانیی وڵاتەکە. هەروەها شاندی چینیش، پێکهاتبوو لە؛ هی لایفینگ، جێگری سەرۆک وەزیرانی وڵاتەکە.

 
 
Fly Erbil Advertisment