ڕێبەر ئەحمەد: بەهۆی کامێراکانی تیژڕەوی ڕووداوەکانی هاتوچۆ کەمبوونەتەوە

وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: بەهۆی کامێراکانی تیژڕەوی ڕووداوەکانی هاتوچۆ کەمبووەتەوە و لە کابینەی نۆیەم گرنگی بەو پڕۆژانە دراوە، کە دەبنە هۆی پاراستنی گیانی هاووڵاتییان.
ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ دووشەممە، 12ـی ئایاری 2025، لە لوتکەی تەندروستی کوردستان ڕایگەیاند: لە کابینەی نۆیەم گرنگی بەو پڕۆژانە دراوە کە دەبنە هۆی پاراستنی گیانی هاووڵاتییان، هەربۆیەش مەرجەکانی سەلامەتی تووندترکراون.
وەزیری ناوخۆ گوتیشی:ژمارەیەک پردی پەڕینەوە دروستکراون و دەیانی دیکەش دیزاین کراون و لە داهاتوودا دەخرێنە خزمەت هاووڵاتییان،هەروەها بەهۆی کامێراکانی تیژڕەوی ڕووداوەکانی هاتوچۆ کەمبوونەتەوە، بەجۆرێک لەنێوان ساڵی 2018 بۆ 2024، ڕووداوەکانی هاتوچۆ بەڕێژەی 50٪، کەمیکردووە.
ڕێبەر ئەحمەد باسی لەوەش کرد، ئامارەکانی قوربانیان بەهۆی ڕووداوی هاتوچۆوە لە نێوان ساڵی 2018 بۆ 2024، ٪63، کەمیکردووە، ئەمساڵ کاری سەرەکیمان تەواوکردنی سەرجەم پڕۆژەکان دەبێت و دەربارەی دەرهێنانی مۆڵەتی شۆفێریش، وەزیری ناوخۆ جەختی لەوەکردەوە، رێکارەکانی دەرهێنانی مۆڵەتی شۆفێری لە هەرێمی کوردستان هاوشێوەی وڵاتانی پێشکەوتووە.
وەزیری ناوخۆی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئاماژەی بەوەش کرد، کۆمپانیاکانمان هانداوە ماتۆری بێدەنگ و کارەبایی هاوردەی هەرێمی کوردستان بکەن، بۆ ئەوەی نیگەرانییەکانی هاووڵاتییان لەبارەی ژینگە و دەنگەوە کەمبکەینەوە. تاوەکوو کۆتایی ئەمساڵ ژمارەیەکی بەرچاوی هاووڵاتییان دەبنە خاوەنی تاکسی نوێ و خواست لەسەر تاکسی هایبرێد و کارەبایی زیادیکردووە، کە دۆستی ژینگەیە و خەرجی کەمترە لەسەر هاووڵاتییان.