توێژینه‌وه‌یه‌ك: ئافره‌تانی دووگیان زیانمه‌ندترینی کاریگەرییەکانی گۆڕانی كه‌شوهه‌وان

تا دێ زیانه‌كانی گۆڕانی كه‌شوهه‌وا و به‌رزبوونه‌وه‌ی پله‌ی گه‌رمیی زه‌وی به‌سه‌ر ژیان به‌گشتی و مرۆڤایه‌تیی زیاتر به ده‌ر ده‌كه‌وێت؛ توێژینه‌وه‌یه‌كی نوێ ئاماژه به‌وه ده‌كات، ئافره‌تانی دووگیان له‌م نێوه‌نده‌دا زیانی زۆریان به‌ركه‌وتووه.
چوارشه‌ممه، 14ـی ئایاری 2025، ڕێكخراوی كلایمات سێنتراڵ (Climate Central)ـی ئه‌مه‌ریكایی ناحكوومەتی، نوێترین توێژینه‌وه‌ی شیكاریی له باره‌ی گۆڕانی كه‌شوهه‌وا و به‌رزبوونه‌وه‌ی پله‌ی گه‌رمیی زه‌وی بڵاو كرده‌وه و تێیدا ئاماژه‌ی به‌وه كردووه، زیانه‌كانی بواره جیاوازه‌كانی ژیان به‌گشتی و مرۆڤایه‌تیی به‌تاییه‌تی، گرتووه‌ته‌وه.
ڕێكخراوی كلایمات سێنتراڵ، باسی له‌وه كردووه، ئافره‌تانی دووگیان له بیسته‌كانی سه‌ده‌ی بیسته‌م و سه‌ره‌تاكانی ئه‌م سه‌ده‌یه تاوه‌كوو ئێستا، قوربانییه‌كی گه‌وره‌ی جه‌نگ و دواتریش گۆڕانی كه‌شوهه‌وا و به‌رزبوونه‌وه‌ی پله‌ی گه‌رمین.
ئه‌و ڕێكخراوه باسی له‌وه كردووه، ئافره‌تانی دووگیان له نزیكه‌ی 200 وڵاتی جیهان، ساڵانه ده‌كه‌ونه ژێر كاریگه‌رییه‌كانی پله‌ی گه‌رمی خوار پله‌ی مامناوه‌ند، ئه‌مه‌ش زیان به دووگیانییه‌كه‌یان ده‌گه‌یه‌نێت.
ڕێكخراوی كلایمات سێنتراڵ، ڕوونیشی كردووه‌ته‌وه، ئافره‌تانی ناوچه‌ی ده‌ریای كاریبی و به‌شێك له ئه‌مه‌ریكای ناوه‌ڕاست و باشوور، دوورگه‌ی ئۆقیانووسی هێمن، باشووری ڕۆژهه‌ڵاتی ئاسیا و ئه‌فریقا مه‌ترسیدارترین ناوچه‌ی جیهانن بۆ ئافره‌تانی دووگیان.
سێشه‌ممه، 13ـی ئایاری 2025، ڕۆژنامه‌ی "One Earth"، توێژینه‌وه‌یه‌كی نوێی زانایانی زانكۆی كۆپنهاگنی دانیماركی بڵاو كرده‌وه كه تێیدا ئاماژه‌یان به كاریگه‌رییه نه‌رێییه‌كانی گۆڕانی كه‌شوهه‌وا لەسەر مرۆڤ كردووه.
زانایانی زانكۆی كۆپنهاگن، له توێژینه‌وه‌كه‌یاندا جه‌ختیان كردووه‌ته‌وه، مرۆڤ له ئه‌نجامی گۆڕانی كه‌شوهه‌وا و به‌رزبوونه‌وه‌ی پله‌ی گه‌رمی زه‌وی، کەمتر دەخەوێت، به‌مه‌ش ڕووبه‌ڕووی كه‌مخه‌وی ده‌بێته‌وه و كه‌مخه‌ویش زیان به لایه‌نی عه‌قڵی، جه‌سته‌یی، ته‌ندروستیی ده‌روونی و لایه‌نه‌كانی دیكه‌ی ده‌گه‌یه‌نێت.
توێژینه‌وه‌كه ڕوونی كردووه‌ته‌وه، گۆڕانی كه‌شوهه‌وا و كۆچكردن له گوند و ده‌شته‌كان بۆ شاره‌كان، به‌شدارییه‌كی گه‌وره و كاریگه‌ر له‌سه‌ر تێكچوونی خه‌وی مرۆڤ ده‌كه‌ن.
ئه‌و توێژینه‌وه‌یه‌ی زانایانی زانكۆی كۆپنهاگن، سه‌رنجیان بۆ ئه‌وه ڕاكێشاوه، مرۆڤ له ماوه‌ی دوو ده‌یه‌ی ڕابردووی ئه‌م سه‌ده‌یه، نزیكه‌ی 44 كاتژمێر خه‌وی له ساڵێكدا له ده‌ست داوه و تا ده‌گاته ساڵی 2099، نزیكه‌ی 58 كاتژمێر خه‌و له ده‌ست ده‌دات، هۆكاره‌كه‌یشی به‌رزبوونه‌وه‌ی پله‌ی گه‌رمی و كۆچی خه‌ڵكه له ناوچه ده‌شتاییه‌كان و گونده‌كانەوە بۆ ناو شاره‌كان.