پوتن پلانێكی ویتكۆڤی بۆ كۆتاییهێنان به‌ جه‌نگیی ئۆكرانیا ڕه‌ت كرده‌وه‌

ڕۆژنامه‌یه‌كی ئه‌مه‌ریكی ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات، سه‌رۆكی ڕووسیا ئاماده‌ نییه‌ پلانه‌كه‌ی نێرده‌ی تایبه‌تی ئه‌مه‌ریكا بۆ ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست له‌ باره‌ی ئاشتیی له‌ ئۆكرانیا تاوتوێ بكات.

شه‌ممه‌، 17ـی ئایاری 2025، ڕۆژنامەی "فاینانشیاڵ تایمز"ـی ئه‌مه‌ریكی بڵاوی کردەوە، بەرپرسانی باڵای ڕووسیا پێنجشەممەی ڕابردوو ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا بۆ  ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستیان ئاگادار کردووه‌ته‌وه‌، ڤلادیمێر پوتن، سه‌رۆكی ڕووسیا ئامادە نییە تاوتوێی پلانه‌ 22 خاڵییه‌كه‌ی له‌ باره‌ی ئاشتیی لەگەڵ ئۆکرانیا و ئەورووپا تاوتوێ بكات.

ڕۆژنامەی "فاینانشیاڵ تایمز"ـی ئه‌مه‌ریكی ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كردووه‌، ویتکۆف کۆبوونەوەکەی لەگەڵ پوتن دواخستووه‌، دوای ئەوەی سەرۆکی ڕووسیا ڕەتی کردووه‌ته‌وه‌ تاوتوێی پلانه‌كه‌ی بکات. 

شەممە 17ـی ئایاری 2025، وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردەوە و تێیدا ئاماژەی به‌وه‌ كردووه‌، سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەی، بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ مارکۆ ڕوبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا کردووه‌.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە دراوە، لاڤرۆڤ و ڕوبیۆ باسیان لە ئەنجامی دانوستانی ئۆکرانیا و ڕووسیا لە ئیستانبوڵ و پەیوەندییەکانی نێوانیان و چەند پرسێکی دیکەی پەیوەست بە ناوچەکە کردووە.

بە گوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، مارکۆ ڕوبیۆ پێشوازیی لە ڕێککەوتنی نێوان ڕووسیا و ئۆكرانیا كردووه‌ بۆ ئاڵوگۆڕی دیله‌كان و ئامادەکردنی لیستێک لە مەرجەکان لەلایەن ڕووسیا و ئۆکرانیا بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگی نێوانیان.

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا دووپاتیشی کردەوە، واشنتن بۆ سەقامگیری و ڕێککەوتن ئامادەی هەموو هاوکارییەکە.

هاوکات سێرگی لاڤرۆڤ، وەزیری دەرەوەی ڕووسیا، بەهۆی هاندانی کیێڤ بۆ دەستپێکردنەوەی دانوستانەکان و ڕازیبوون بە پێشنیازەکەی ڤلادیمێر پوتن، ستایشی ڕۆڵە بونیاتنەرەکەی ئەمەریکای کرد. جەختیشی کردووەته‌وه‌، ڕووسیا لەسەر ئەو پرسە ئامادەیە لەگەڵ ئەمەریکا کار بکات.

هەینی 16ـی ئایاری 2025، دانوستانەکانی نێوان هەردوو شاندی ڕووسیا و ئۆکرانیا، لە ئیستانبوڵ بەڕێوە چوو، کە نزیکەی کاتژمێرێک و 40 خولەکی خایاند.

دانوستانەکان بە سەرپەرشتیی هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا و ئیبراهیم کاڵن، بەرپرسی دەزگای هەواڵگریی وڵاتەکە بەڕێوە چوو، کە ڤلادیمێر مەدینسکی، ڕاوێژکاری پوتن، سەرۆکایەتیی شاندی ڕووسیا و ڕۆستەم ئومێرۆڤ، وەزیری بەرگریی ئۆکرانیا، سەرۆکایەتیی شاندی ئۆکرانیایان دەکرد.

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment