وەزیری ئەوقاف: ڕێکارەکانمان توند کردووە و کەس ناتوانێت حەجی نایاسایی بکات

یەکەم کاروانی حاجییانی هەرێمی کوردستان بەرەو سعوودییە بەڕێ کەوت. وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینیش دووپاتی دەکاتەوە، ڕێکارەکانمان توند کردووە و کەس ناتوانێت حەجی نایاسایی بکات. 

بەرەبەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە، 19-05-2025، یەکەم کاروانی حاجییان لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێرەوە بەرەو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی جەددەی عەرەبستانی سعوودییە بەڕێ کەوت کە 144 کەس بوون. 

هەر ئەمڕۆ دووشەممە، 19-05-2025، کاروانێکی دیکەی حاجییان کە ژمارەیان 144 کەسە، لە ڕێگەی فڕۆکەخانەی سلێمانییەوە بەرەو سعوودییە بەڕێ دەکەوێت.  

وەزیری ئەوقاف: کەس ناتوانێت حەجی نایاسایی بکات

پشتیوان سادق، وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لەبارەی توندکردنی ڕێکارەکانی حەج، بە ئەحمەد عەبدولسەمەد، پەیامنێری کوردستان24ـی ڕاگەیاند "ساڵی ڕابردوو لەسەر بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە پێک هێنرا و ئەمساڵ هیچ کەسێک ناتوانێت بە شێوەیەکی نایاسایی حەج بکات. هاوکات حکوومەتی سعوودییەش ڕێکارەکانی بۆ ڕێگریی لە حەجی نایاسایی توندتر کردووە."

وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی ئاماژەی بەوەش دا "ساڵی ڕابردوو ژمارەیەک کەس دوور لە ڕێنماییەکانمان حەجی نایاساییان کرد؛ بەداخەوە زەحمەتییان بینی و هەندێکیان گیانیان سپارد. هیوادارین ئەمساڵ هاووڵاتییان پابەندی ڕێنماییەکانمان بن و کەس بە نایاسایی حەج نەکات."

"پاڵپشتیی دارایی سەرۆک وەزیران زیادی کردووە"

لەبارەی پاڵپشتیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ پرۆسەی حەج، پشتیوان سادق باسی لەوە کرد "ئەمساڵ سەرۆکوەزیران مەسرور بارزانی نزیکەی چوار ملیار دیناری بۆ پاڵپشتیی پرۆسەی حەج تەرخان کردووە و بڕی پاڵپشتییەکە لە ساڵی ڕابردوو زیاترە. ئەمساڵ شوێنی مانەوەی حاجییانی کوردستان لە کەعبە نزیکترە و پێویستییان بەوە نابێت بە پاس یان ئۆتۆمبێل بچنە حەرەم، هەر بە پێ دەچن. لە کاتێکدا حاجییانی عێراق دەبێت بە پاس بچن."

بە گوتەی پشتیوان سادق "تیمێکی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان بۆ ماوەی مانگێک لەگەڵ حاجییان دەبن؛ شوێنی نیشتەجێبوون، خواردن و خواردنەوە و هەموو پێدوایستییەکانیان بۆ دابین دەکەن و شەو و ڕۆژ لە خزمەتیاندا دەبن. سوودمان لە کەموکوڕییەکانی ساڵی ڕابردوو وەرگرتووە و دڵنیام لە ڕووی ئامادەکارییەوە، پرۆسەی حەجی کوردستان لە بەشێکی زۆری وڵاتان باشتر دەبێت."

پشکی حەجی هەرێمی کوردستان زیادی کردووە

بە هەوڵەکانی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی ، پشکی هەرێمی کوردستان بۆ حەجی ئەمساڵ بەراورد بە ساڵی ڕابردوو زیادی کردووە؛ ئەمساڵ پێنج هەزار و 136 هاووڵاتیی لە هەر چوار پارێزگای هەولێر، سلێمانی، دهۆک و هەڵەبجە دەتوانن حەج بکەن.  

ئەوانەی ئەمساڵ لە هەرێمی کوردستانەوە لە رێگەی ئاسمانییەوە بۆ ڕێوڕەسمەکانی حەج دەچنە سعوودییە، ژمارەیان سێ هەزار و 490 کەسە. ئەوانەشی بە ڕێگەی وشکانی بۆ حەج دەچنە سعوودییە، ژمارەیان هەزار و 646 کەسە.

ڕۆژی شەممە، 17-05-2025، دووەم و دوایین کاروانی حاجییانی هەرێمی کوردستان بە ڕێگەی وشکانی، لە سنووری هەولێرەوە بەرەو سعوودییە بەڕێ کەوت کە ژمارەیان نزیکەی 1000 کەس بوو.

 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment