ڕۆژئاوای کوردستان: بەرهەمی گەنمی ئەمساڵ بەراورد بە ساڵی ڕابردوو بەڕێژەیەکی بەرچاو کەمیکردووە

بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر دەڵێت: بەراورد بە ساڵی ڕابردوو بەرهەمی گەنم کەمیکردووە و تاوەکوو ئێستاش بڕیارێک نەدراوەی دەربارەی بەرهەمی جۆی جوتیاران.
دووشەممە، 19ـی ئایاری 2025، خێسان تەمۆ، هاوسەرۆکی بەشی بەبازاڕکردن لە لیژنەی سایلۆ و چێشتخانەکانی ئیدارەی خۆسەر، ڕایگەیاند: ئامادەکارییەکانیان بۆ کڕینی گەنمی جوتیاران بەردەوامە، دەیان ناوەند دیاریکراون بۆ وەرگرتنی گەنمی جوتیاران لە باکوور و ڕۆژهەڵاتیی سووریا کە زۆربەیان لەناوچەی جزیرن.
خێسان تەمۆ باسی لەوەش کرد، پێشبینی دەکەین بەرهەمی گەنمی ئەمساڵ نزیکەی 150هەزار تۆن بێت، ئەمەش بەراورد بە ساڵی ڕابردوو کەمترە، چونکە تەنیا لە پاریزگای حەسەکە ساڵی ڕابردوو بەرهەمی گەنم 210هەزار تۆن بوو.
خێسان تەمۆ ئاماژەی بەوەش کرد، تەواوی ئەو هەرێمانەی لەژێر کۆنترۆڵی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەرن بەرهەمی گەنم لە ساڵی ڕابردوو 766هەزار تۆن بوو.
دەربارەی وەرگرتنی جۆ لە جوتیاران خێسان تەمۆ گوتی: تاوەکوو ئێستا هیچ بڕیارێک نەدراو دەربارەی وەرگرتنی بەرهەمی جۆی ئەمساڵ.
هاوسەرۆکی بەشی بەبازاڕکردن هۆکاری کەمی بەرهەمەکەی دیارنەکردوو، بەڵام بەگشتیی ئەمساڵ لە هەرێمی کوردستانیش بەهۆی کەمی ڕێژەی دابارین بەرهەمی گەنمی جوتیاران لە کەمی داوە.