ترەمپ: ڕووسیا و ئۆکرانیا دەستبەجێ دانوستان دەکەن

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمەریکا ڕایگەیاند، دانوستانەکانی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا "دەستبەجێ" دەست پێ دەکات، ئەوەش دوای گفتوگۆیەکی تەلەفۆنی لەگەڵ هاوتا ڕووسیەکەی، ڤلادیمێر پوتن.
دۆناڵد ترەمپ، لە پۆستێکیدا لە پلاتفۆرمی خۆی "تروس سۆشیال" نووسیویەتی: دوای گفتوگۆیەکی تەلەفۆنیی دوو کاتژمێری لەگەڵ پۆتن، ڕووسیا و ئۆکرانیا دەستبەجێ دەست بە دانوستانەکان دەکەن بۆ ئاگربەست و لەوەش گرنگتر، کۆتاییهێنان بە شەڕەکە.
ئاماژەی بەوەش کرد، مەرجەکانی ئەم دانوستانە لەنێوان هەردوولادا دەکرێت، بەپێی پێویست، چونکە ئەوان وردەکاریی دانوستانەکان دەزانن کە کەسی دیکە نایزانێت.
ترەمپ دەشڵێت: ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا، هەروەها سەرکردەکانی کۆمیسیۆنی ئەورووپا، فەرەنسا، ئیتاڵیا، ئەڵمانیا و فینلاندیان لە پەیوەندیی کردن بە پۆتن ئاگادارکردووەتەوە.
دەشڵێت: ڤاتیکان پێشنیازی میوانداریکردنی دانوستانەکانی کردووە و دەڵێت "با پرۆسەکە دەست پێ بکات!"
پوتن گفتوگۆی لەگەڵ ترەمپ بە مانادار و ڕاشکاوانە و زۆر بەسوود وەسف کرد.
بەگوێرەی ئاژانسی سپۆتنیکی ڕووسیا، پوتن بە ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاندووە، سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ ترەمپ دەربڕیوە بۆ بەشداریی ئەمەریکا لە دەستپێکردنەوەی گفتوگۆی ڕاستەوخۆی نێوان ڕووسیا و ئۆکرانیا.
پوتن ئاماژەی بەوەش کرد، ڕووسیا پاڵپشتی وەستاندنی شەڕەکان دەکات، بەڵام پێویستە کاریگەرترین ڕێگاکان بەرەو ئاشتی پەرە پێ بدرێت.
سەرۆکی ڕووسیا دووپاتی کردەوە، وڵاتەکەی ئامادەیە کار لەسەر یاداشتێکی لێکگەیشتن لەگەڵ ئۆکرانیا بکات کە ئاگربەست لەخۆ دەگرێت.
پوتن گوتیشی، لەگەڵ سەرۆکی ئەمەریکا هاوڕا بووین ڕووسیا پێشنیاز بکات و ئامادەیە لەگەڵ لایەنی ئۆکراینی کار لەسەر یاداشتێک بکات سەبارەت بە پەیماننامەیەکی ئاشتی ئەگەری لە داهاتوودا کە کۆمەڵێک هەڵوێستی تێدا دیاری کراوە، وەک بنەماکانی یەکلاییکردنەوە و چوارچێوەی کاتی ڕێککەوتنی ئەگەری ئاشتی، لەنێویاندا ئەگەری ئاگربەست بۆ ماوەیەکی دیاریکراو ئەگەر ڕێککەوتنی گونجاو بکرێت.
باسی لەوەش کرد، پێویستە ڕووسیا و ئۆکرانیا سازشێک بدۆزنەوە هەموو لایەنەکان ڕازی بکات.
پۆتن، لە درێژەی قسەکانی گوتیشی: پیویستە هەردوو لایەنی ڕووسیا و ئۆکرانیا ئەوپەڕی خواستی خۆیان بۆ ئاشتی نیشان بدەن و سازشێک بدۆزنەوە لەگەڵ هەموو لایەنەکاندا بگونجێت.
سەرۆکی ڕووسیا ڕایگەیاند "هەڵوێستی مۆسکۆ ڕوون و ئاشکرایە و دەڵێت، بابەتی سەرەکی بۆ ئێمە نەهێشتنی ڕەگ و ڕیشەی ئەم قەیرانەیە."
لە سەرەتای ئەم ساڵەوە دۆناڵد ترەمپ و ڤلادیمێر پوتین، دوو جار بە تەلەفۆن قسەیان کردووە، ئەوانیش لە 12 شوبات و 18 ئادار بووه.
دوای تێپەڕبوونی نزیکەی سێ ساڵ بەسەر جەنگی نێوان هەردوو وڵات، هەینی 16ی ئەم مانگە شاندی دانوستانکاری ڕووسیا و ئۆکرانیا بە نێوەندگیری تورکیا لە ئیستانبۆڵ لەبارەی ئاگربەست و ڕاگرتنی جەنگ، گفتوگۆیان کرد، بەڵام دوای دانوستانەکان، ترەمپ ڕایگەیاند، دانوستانەکە مایە پووچ بووە و هیچی لێ بەرهەم نەهاتووە؛ هەر بۆیە بڕیاری دا جارێکی دیکە بە تەلەفۆن قسە لەگەڵ پوتن بکاتەوە.