لامین یامال بووەتە براندێکی جیهانی

لامین یامال ئەستێرەی لاوی یانەی بارسێلۆنا، نەک هەر لە گۆڕەپانی یاری درەوشاوەتەوە، بەڵکو ئەو ئەستێرە لاوە وەک کەسایەتییەکی بەناوبانگ خەریکی کۆکردنەوەی داهاتێکی زۆرە لە جیهانی ڕیکلام کردن.
دەرکەوتنی ئەستێرەیەکی بەهرەمەند لە تەمەنی 17 ساڵی لە ئاستی یەکەمی تۆپی پێی جیهان، وایکردووە کۆمپانیا گەورەکانی جیهان لە پێناو رازیکردنی ئەو یاریزانە لاوەی بارسێلۆنا، رکابەری یەکتری بکەن و هەر رۆژە و کۆمپانیایەک ئۆفەرێکی گەورەتر پێشکەشی ئەو یاریزانە دەکات.
نزیکەی ساڵێک لەمەوبەر کۆمپانیای ئادیداسی ئەڵمانی گرێبەستێکی لەگەڵ لاوەکەی هەرێمی کەتەلۆنیا واژۆ کرد، بەڵام ئەو یاریزانە بەهۆی ئاستە بەرزەکەی لەم وەرزە، کۆمپانیە زەبەڵاحە ئەڵمانیەکەی ناچار کردووە، بیر لە گۆڕانکاری لە گرێبەستەکەی بکات. ئەگەر کۆمپانیاکە ئەم کارە نەکات، ئەو کات زۆر کۆمپانیا دیکە هەن گرێبەستی گەورەتر لەگەڵ یامال واژۆ بکەن.
لامین یامال بێجگە لە کۆمپانیا ئادیداسی ئەڵمانی گرێبەستی لەگەڵ هەر یەک لە کۆمپانیاکانی بیتس و ئۆپۆ و هەروەها کۆنامی هەیە و ساڵانە داهاتێکی خەیاڵی لە رێگەی سپۆنسەری ئەو کۆمپانیانە دەستدەکەوێت.
دەست گەیشتن بە یامال قورس بووە بۆیە سپۆنسەرەکانی جیهان دەیانەوێت لە رێگەی دیکەوە گرێبەست لەگەڵ ئەو یاریزانە لاوە واژۆ بکەن. یەکێک لە رێگەکانیش کە کۆمپانیاکان روویان تێکردووە، تیپی لاکاپیتال ئێف سییە کە ئەو یاریزانە لاوە سەرپەرشتی دەکات. ئەو تیپە بەشدارە لە خولی پادشاکان کە جێرارد پیکێ سەرپەرشتی دەکات.

 

 
Fly Erbil Advertisment