عێراق بۆ زیادکردنی بەرهەمی نەوت و کارەبا لەگەڵ کۆمپانیایەکی چینی ڕێککەوت

وەزارەتی نەوتی عێراق بۆ زیادکردنی بۆ پەرپێدانی کەرتی نەوت و زیادکردنی بەرهەمهێنانی کارەبا، ڕێککەوتننامەیەکی لەگەڵ کۆمپانیایەکی چینی مۆر کردووە، بەڵام ماوەی جێبەجێکردنی پرۆژەکانی ئاشکرا نەکردووە.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێکی فەرمیی وەزارەتی نەوتی عێراق کە ئەمڕۆ چوارشەممە 21ـی ئایاری 2025، بڵاوی کردووەتەوە، عێراق لەگەڵ کۆمەڵە کۆمپانیایەکی چینی ڕێککەوتنامەیەکی ئیمزا کردووە بەمەبەستی جێبەجێکردنی پرۆژەیەکی گەورە لە کێڵگە نەوتییەکانی باشوور بە مەبەستی زیادکردنی بەرهەمێنانی نەوت و کارەبا.
بە گوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، حەییان عەبدولغەنی، وەزیری نەوت پێشبینی دەکات ئیمزاکردنی ڕێککەوتنەکەی نێوان کۆمپانیای زەبەلاحی چینی بواری نەوت، جیوجید و کۆمپانیای هیلالی بەسرە دەبێتە مایەی زیادکردنی بەرهەمی کێڵگەی ئەلتۆبە لە 20 هەزار بەرمیلی ڕۆژانە بۆ 100 هەزار بەرمیل نەوت زیاد دەکات.
بەپێی ئەو ڕێککەوتنەی کراوە، کۆمەڵە کۆمپانیا چینییەکە کارگەیەکەی پێترۆکیمایی و کارگەیەکی پەین و پاڵاوگەیەکی نەوت بە توانای 200 هەزار بەرمیلی ڕۆژانە دادەمەزرێنرێت.
هەروەها دوو وێستگەی بەرهەمهێنانی کارەبا دروست دەکرێن، کە یەکێکیان بە وزەی گەرما کار بکات و تواناکەی 650 مێگاواته، وێستگەی دووەمیش بە وزەی نوێبووەوە کار دەکات و توانای 400 مێگاواتە، بەڵام حکوومەتی عێراق تێچووی گشتیی ئەو پرۆژانە و ماوەی جێبەجێکردنیانی دیاریی نەکردووە.
کۆمپانیا چینییەکە چەندان پرۆژەی لە عێراقدا هەیە و ساڵی 2023 موناقەسەی دۆزینەوەی نەوتی لە کێڵگەی حوێزە بردەوە، ئەمەش بووەتە مایەی ترس و دڵەڕاوکێی دانیشتوانی ناوچەکە لەوەی کاری ئەو کۆمپانیایە زیان بە زۆنگاوی حوێزە بگەیەنێت.
بەیژینگ دەیەوێت پێگەی خۆی لە عێراق بەهێز بکات و ئێستا بووە بە لایەنێکی سەرەکی لە چەندان کەرتی هەمەجۆر و یەکێک لە گەورەترین هاوردەکارانی ماددەی خاوی عێراقە.
لەوەتەی ئەمەریکا مۆڵەتی کڕینی غاز و کارەبای ئێرانی لە حکوومەتی عێراق قەدەغە کردووە، حکوومەتی فیدراڵ کەوتووەتە پەلەقاژەی پەلە کردن لە گرێبەستی بەرهەمهێنانی زیاتری غاز و دامەزراندنی وێستگەی بەرهەمهێنانی کارەبا، بۆ ئەوەی پێویستی ناوخۆیی پڕ بکاتەوە.
مانگی ئاداری ڕابردووش حکوومەتی عێراق و کۆمپانیای گەورەی بەریتانی بریتش پترۆلیۆم ڕێککەوتنامەیەکیان بۆ گەشەپێدانی چوار کێڵگەی نەوتیی کەرکووک ڕاگەیاند.
بە پێی بانکی نێودەوڵەتی، عێراق 145 ملیار بەرمیل یەدەگی نەوتی هەیە و ئەوەش یەکێکە لە گەورەترین یەدەگە نەوتییەکانی جیهان. نەوت لە 90%ـی داهاتی عێراق پێک دەهێنێت و دووەم وڵاتی بەرهەمهێنی نەوتە لە نێوان ئەندامانی ڕێکخراوی ئۆپیکدا.