محەممەد شاکر: گرێبەستەکانی حکوومەتی هەرێم لەگەڵ کۆمپانیاکان دەستووری و یاسایین

ئەندامێکی خولی پێشووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت: ئەو وەبەرهێنانەی ئەمەریکا لە هەرێمی کوردستان دەیکات ئامادە نییە لە عێراق بیکات.
محەممەد شاکر، ئەندامی خولی پێشووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە میانەی بەشداری لە بولتەنی هەواڵەکانی کوردستان24 گوتی: سەردانی سەرۆک وەزیران، مەسرور بارزانی گرنیگییەکی تایبەتی هەیە، لە ماددەی 112 لە دەستوور بە ڕوونی باس لەوەکراوە، بەڕێوەبردنی کێڵگەنەوتییەکان حکوومەتی فیدراڵی دەیکات لەگەڵ هەرێمی کوردستان و پارێزگاکانی دیکە کە نەوتییان تێدایە، بەڵام لەدوای ساڵی 2005وە سەرجەم کێڵگەکانی دەکەونە سنووری هەرێمی کوردستان، بەڕێوەبردنیان بەگوێرەی ماددەی 115 تەواوی مافەکان بە حکوومەتی هەرێمی کوردستان دراوە.
محەممەد شاکر گوتیشی: گرێبەستەکانی حکوومەتی هەرێم لەگەڵ کۆمپانیاکان دەستووری و یاسایین، ئەو وەبەرهێنانەی ئەمەریکا لە هەرێمی کوردستان دەیکات ئامادە نییە لە عێراق بیکات، چونکە ئەو دڵنیایەی لە هەرێمی کوردستان هەیە لە عێراق نییە.
محەممەد شاکر باسی لەوەشکرد، بەرپرسانی عێراقی باوەڕیان بە دەستوورنییە و هەندێک لایەن لەگەڵ چەسپاندنی فیدراڵییەتدا نین، عەقڵیەتێکی مەرکەزی دژایەتی هەرێمی کوردستان دەکات.