کاروان سەباح هەورامی: لە کۆڕبەندی ئاوی بەغدا سەرنجی کۆمپانیاکانی جیهان بۆ کوردستان ڕادەکێشین

بەڕێوەبەری گشتیی سەرچاوەکانی ئاو لە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو بۆ کوردستان24 ئاماژەی بەوە کرد، لە کۆڕبەندی ئاو و تەکنەلۆزیای بەغدا، سەرنجی کۆمپانیا جیهانییەکان بۆ وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان ڕادەکێشن.
ئەمڕۆ شەممە 24ـی ئایاری 2025،( ئاو و تەکنەلۆژیا..هاوبەشیی لەپێناو گەشەپێدان)، ناونیشانی پێنجەم کۆڕبەندی نێودەوڵەتی بەغدایە لەبارەی پرسی ئاو کە وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاوی فیدراڵ بەسەرپەرشتی و ئامادەبوونی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕێکی خستووە.
کاروان سەباح هەورامی، بەڕێوەبەری گشتیی سەرچاوەکانی ئاو لە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕاگەیاند:تیمێکی وەزارەتی کوشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاوی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆڕبەندی ئاوی بەغدا بەشدارییان کردووە، هاوتا لەگەڵ دامەزراوە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکان و ڕێکخراوە جیهانییەکانی بواری ژینگە و ئاو، گفتوگۆ لەبارەی کێشەکانی ئاو و چارەسەرییەکان دەکەن.
بەڕێوەبەری گشتیی سەرچاوەکانی ئاو ڕایگەیاند: هەر لەچوارچێوەی ئەو کۆڕبەندەدا، 11 هەمین کۆڕبەندی بواری ئاودێریی وردیش بەڕێوەدەچێت بۆ مۆدێرن کردنی سیستەمی ئاودێریی.
بەڕێوەبەری گشتیی سەرچاوەکانی ئاو لە وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو گوتی: کۆڕبەندی بەغدا بە دەرفەت وەردەگرین بۆ ئەوەی لەگەڵ کۆمپانیا جیهانییەکانی بواری ژینگە و ئاو کۆ ببینەوە و سەرنجییان ڕابکێشین بۆ ئەوەی بێنە هەرێمی کوردستان بە هاوبەشی ڕووبەڕووی گۆڕانکارییەکانی کەش و هەوا و مەترسییەکانی وشکە ساڵی.
کاروان سەباح هەورامی ئاشکرای کرد، باسی لەوەش کرد: "کاریان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گۆڕانکارییەکانی کەشو هەوا و وشکەساڵی کردووە، گوتی: لە دروستبوونی عێراقەوە تاکوو ئێستە 20 بەنداومان هەبووە، بەڵام لە دووساڵی کۆتایی کابینەی نۆ، شەش بەنداو تەواو کراون، هەروەها لە سەردەمی ڕژێمی بەعسدا هیچ پۆندێک بۆ کوردستان دروست نەکراوە، بەڵام لە کابینەکانی ڕابردوو نزیکەی 115 پۆند دروست کران، لەم دووساڵەی کابینەی نۆ، 45 پۆند دەست بە جێبەجێکردنی کراوە و نزیکە 9 پۆندیش تەواو بوونە". دەشڵێت: سەرۆک وەزیران، دیدگەیەکی ڕوونی بۆ ئاسایشی ئاو هەیە.
لە چوارچێوەی کۆڕەبەندەکەدا، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق وێڕای ئاماژە کردن بەو هەوڵانەی کە داویانە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئالەنگارییەکانی گۆڕانی کەشو هەوا، پیشنیازی کاری هاوبەشی هەرێمیی کرد بۆ پاراستنی ئاوی ڕووبارەکانی دیجلە و فورات.
هاوکات عەبدولـلەتیف ڕەشید، سەرۆک کۆماری عێراق ئاشکرای کرد، عێراق ڕووبەڕووی ئالەنگاریی گەورە بووەتەوە بەهۆی پشت بەست بە ئاوی وڵاتانی دەورووبەر، بە پێویستیشی زانی گفتوگۆ لەگەڵ تورکیا بکرێت بۆ چارەکردنی ئەو کێشە و ئالەنگارییانەی لەبواری ئاودا هەن.
ساڵانە لە کۆتایی مانگی هەشت و نۆدا، تورکیاو ئێرانە ئاو لەسەر عێراق و هەرێمی کوردستان دەگرنەوە، بەهۆیەوە کاریگەرییەکانی بەئاستێکی بەرز دەردەکەوێت.
گرتنەوەی ئاو لە لایەن تورکیاوە وایکردووە ئاوی رووباری دیجلە و فوڕات لە خاکی عێراق زۆر کەمببێتەوە، بەمەش گەورەترین کێشەی کەمئاوی لە عێراق دروستبووە، هەروەها ئێرانیش ساڵانە ئاوی سیروان و زێی بچووک دەگرێتەوە بەمەش، کێشەی ئاوی خواردنەوەی بۆ دانیشتوانی هەڵەبجە و سیراون و قەڵادزێ دروست دەکات.
