ڕاوێژکارێکی سوودانی هۆیەکانی دابەزینی بەهای دۆلار ئاشکرا دەکات

ڕاوێژکاری ئابووریی محەممەد شیاع سوودانی ڕایگەیاند، دابەزینی بەهای دۆلار، چەند هۆیەکی هەیە، یەکێک لەوانە، بەکارهێنانی کارتی بانکییە لەلایەن گەشتیارانەوە.

ئەمڕۆ سێشەممە، 27ـی ئایاری 2025، مەزهەر محەممەد، ڕاوێژکاری ئابووریی محەممەد شیاع سوودانی، تایبەت بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕاگەیاند "بەهای دۆلار لە بازاڕی ئاڵوگۆڕی دراو نزم بووەتەوە، ئەمەش بەهێزیی بەهای دیناری عێراقی نیشان دەدات. لە سەرەتای ئەم ساڵەوە، بەهای دۆلار نزیکەی لە %16 کەم بووەتەوە. گوتیشی: هۆیەکەی زۆر ڕوونە، ئەویش گۆڕانکارییە لە سیاسیەتی  گواستنەوەی دەرەکی، کە بانکی ناوەندی عێراقی پشتی پێ دەبەستێت. هەروەها ئاسانکاریی گواستنەوەی دراوی بیانی لە نێوان بانکە عێراقییەکان و بانکە بیانییەکان، کە ڕاستەوخۆ و بەشیێوەیەکی خێرا ئاسانکاریی بۆ مامەڵە دەرەکییەکان دەکات لە بەرژەوەندیی بازرگانی کەرتی تایبەت لە عێراق. 

ئاماژەی بەوەش کرد، هۆیەکی دیکەی دابەزینی بەهای دۆلار، بەکارهێنانی کارتی بانکییە لەلایەن گەشتیارانەوە، ئەمەش سەرکەوتنێکی باشی بەدەست هێناوە، بەتایبەتی کاتێک گەشتی دەرەوەی وڵات دەکەن، هەروەها پارێزگاریی لە یەدەگی زێڕ لە عێراق، بووەتە هۆی سەقامگیری بازاڕی دۆلار.

مەزهەر محەممەد، دەشڵێت: سیاسەتی هایبرێد مارکێت، سیاسەتێکی سەرکەوتووە بۆ بازرگانانی هاوردەکار، کە بەنرخی فەرمیی بانک دراوی بیانی دەکڕن. بەشێوەیەکی گشتی هەردوو سیاسیەتی بازرگانی و نەقدی لە عێراق سەرکەوتوو بووە و بووەتە هۆی سەقامگیریی بازار و ڕێژەی هەڵاوسانیش ساڵانە لە سەدا 3 تێپەڕ ناکات کە ئەمەش سەقامگیرییەکی گەورەی بەبازاڕەکانی عێراق داوە.

 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment