پۆلیسی دارستان: لە وەرزی قەدەغەی ڕاوەماسی زیاتر لە 65 ڕاوچی نەناسراو دەستگیرکراون

لەگەڵ ئەوەی قەدەغەی ڕاوەماسی لە هەرێمی کوردستان دوو مانگ زیاترە ڕاگەیاندراوە، بەڵام بەشێک لە ڕاوچییەکان بە نایاسایی ڕاو دەکەن و هەر لەو ماوەیەدا ژمارەیەکیان دەستگیرکراون.

فوئاد ئەحمەد، گوتەبێژی پۆلیسی دارستان و ژینگەی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ سێشەممە، 27ـی ئایاری 2025،  بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی گوت: لەگەڵ دەستپێکردنی قەدەغەی ڕاوەماسی لە هەرێمی کوردستان لە ناوچە جیاجیاکان ژمارەیەک ڕاوچی نەناسراو دەستگیرکراون، بەهۆی ڕاوی نایاسایی.

ساڵی ڕابردوو، لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 500کەس بەهۆی ڕاوی نایاساییەوە دەستگیرکراون.

فوئاد ئەحمەد، گوتیشی: لە دوای ڕاگەیاندنی قەدەغەی ڕاوەماسی تاوەکوو ئێستا زیاتر لە 65 ڕاوچی نەناسراو دەستگیرکراون، لەکات و شوێنی جیاواز، چونکە لە نزیکی هەموو شوێنانەی ڕاوی لێدەکرێت بنکەی تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیس و دارستانی لێیە.

ئەمساڵ بەڕێوەبەرایەتیی سامانی ئاژەڵ و ڤێتێرنەری 20ـی ئاداری 2025، وەک وەرزی قەدەغەی ڕاوەماسی لە هەرێمی کوردستان ڕاگەیاند.

گوتەبێژی پۆلیس و دارستانی هەرێمی کوردستان باسی لەوەش کرد، هەموو ئەو کەسانەی دەستگیردەکرێن دەدرێنە دادگا، سزاکانیش بەگوێرەی جۆری سەرپێچیەکە دەبێت.

راوی ماسی لەوەرزی زاوزێ زیان بەسامانی ماسیی سروشتی دەگەیەنێت، ڕاوکردنیان لەم وەرزەدا، کاریگەری خراپی دەبی لەسەر زۆربوونی ماسیەکان.

ئەو کاتەی بۆ قەدەغەی راوی ماسی دیاریکراوە، بە ماوەی دانانی گەرای ماسیی و ماوەی زیادبوونی سامانی ماسی هەژمار دەکرێت، بۆیە راوکردن تێیدا قەدەغەکراوە.

 
 
 
Fly Erbil Advertisment