بارسێلۆنا سێ پێشنیار دەخاتە بەردەم لیژنەی ناوبژیوانانی لالیگا

کارگێری یانەی بارسێلۆنای ئیسپانیا پێیوایە لەم چەند ساڵەی رابردوو، زیانی زۆریان لەسەر بڕیارەکانی ناوبژیوانان پێگەیشتووە، هەربۆیە سێ پێشنیاریان ئامادەکردووە و داوای لە لیژنەی ناونژیوانی ئیسپانیا دەکەن، کار لەسەر ئەم پێشنیارانە بکەن، بۆ ئەوەی ئاستی ناوبژیوانی ژووری ڤار باشتر بێت.
پێشنیاری یەکەم ئەوەیە داوا دەکەن ناوبژیوانانی ژووری ڤار لە کاتی سەیرکردنەوەی دیمەنە گوماناوییەکان، هەمووان یەک بڕیاربن، بۆ ئەوەی هیچ مشتومڕێک لە نێوانیان دروست نەبێت و کاتێکی کەمتریش بەفیڕۆ بچێت.
کارگێری یانەی بارسێلۆنا پێیوایە زۆرجار بەهۆی سەیرکردنەوەی دیمەنە گوماناوییەکان، بەهۆی مشتومڕی نێوان ناوبژیوانانی ژووری ڤار، کاتێکی زۆر بەفیڕۆ دەچێت و ئەمەش کاریگەری لەسەر جەستەی یاریزانان دروست دەکات.
پێشنیاری دووەمی کارگێری یانەی بارسێلۆنا، تایبەتە بە شەفافیەتی پرۆسەی پیشاندانی دیمەنی گوماناوی بە ناوبژیوانی ناو یاریگا. یانەکە پێیوایە دەبێت ڕوون بێت کە کام دیمەن دەخرێتە بەردەستی ناوبژیوانی یاریگا، نەک تەنها هەڵبژاردنی دیمەنێک کە لەلایەن ناوبژیوانی VAR هەڵدەبژێردرێت و پێشکەش بە ناوبژیوان بکرێت.
پێشنیاری سێیەمی کارگێری یانەی بارسێلۆنا بۆ ناوبژیوانانی ڤار ئەوەیە زیاتر کار بە یاساکانی تۆپی پێ بکەن نەک بیڕورای شەخسی خۆیان، چونکە لەو کاتە ئەگەر کار بە یاساکانی تۆپی پێ بکەن، ئەو کات زیاتر دەتوانن دادوەری لە بڕیاردان پەیڕەو بکەن و بێ کێشە بن.
هەموو ئەو پێشنیارانە لە کاتێکدایە ئەم وەرزە بارسێلۆنا کە بووەتە پاڵەوانی لالیگا، کەمترین زیانی لەلایەن ناوبژیوانانی ڤار لە دژی بارسێلۆنا بووە، بەڵام ئەو یانەیە دەیەوێت دڵنیابێت ساڵانی داهاتوو، ڤار هیچ زیانێکیان بۆ نابێت. بە تایبەت لە دوای ئەوەی کارگێری یانەی ریاڵ مەدرید فشارێکی زۆری لەسەر ناوبژیوانان دروستکرد.