مەریوان قەرەنی: بڕیارەکەی وەزارەتی دارایی عێراق بۆ پەردەپۆشکردنی شکستەکانی خۆیانە

جێگری سەرۆکیی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت: حکوومەتی عێراق شکستی چەند ساڵەی ڕابردوو لە خزمەتگوزاری و ئیدارەدان، دەیەوێت بە دژایەتیی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان پەردەپۆش بکات.
مەریوان قەرەنی، جێگری سەرۆکیی فراکسیۆنی پارتی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 29ـی ئایاری 2025، بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، نووسراوەکەی وەزارەتی دارایی عێراق دژی دەستوور و هەموو بەها مرۆڤییەکانە و هیچ بنەمایەکی یاسایی و دەستووری نییە.
گوتیشی: حکوومەتی عێراق شکستی چەند ساڵەی ڕابردوو لە خزمەتگوزاری و ئیدارەدانی دەوڵەت، دەیەوێت بەم جۆرە نووسراوانەی دژ بە هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان بشارێتەوە.
هەروەها ئاماژەیدا، لە ڕۆژانی داهاتوودا کێشەی مووچە چارەسەر دەکرێت، حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەتوانێت کارتی گوشار بەکاربهێنێت؛ باسی لەوەشکرد، وەزیری دارایی دەیەوێت کێشە بۆ محەممەد شیاع سوودانی دروست بکات.
دوای ڕەوانەکردنی لیستی مووچەی مانگی ئایاری مووچەخۆرانی هەرێم بۆ بەغدا، تەیف سامى، وەزىری دارایی عێراق، دوێنێ چوارشەممە بە نووسراوێک حکوومەتی هەرێمى کوردستانى ئاگادار کردووەتەوە لەوەى چیدیکە ناتوانێت لە ناردنى مووچە بەردەوام بێت، بە پاساوى ئەوەى، هەرێمی کوردستان بڕى پشکى دیاریکراوى خۆى لە یاسای بودجە تێپەڕاندووە و ئەوەى بەستووەتەوە بە پابەندبوون بە بڕیارى دادگاى فیدراڵی و یاسای بودجەى گشتى .
لە بەرانبەردا مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان پێنجشەممە، 29ـی ئایاری 2025، ڕایگەیاند، ڕای گشتی عێراق و هەرێمی کوردستان ئاگادار دەکەینەوە کە حکوومەتی فیدراڵی بەردەوامە لە پێشێلکردنی مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان، دوا پێشلکاریشی نووسراوەکەی دوێنێی وەزارەتی داراییە کە دژی دەستوور و بنەماکانی ڕێککەوتنی پێکهێنانی حکوومەتە و بە سیاسی کردنی قوتی خەڵکە."
مەکتەبی سیاسیی پارتی باسی لەوەش کردووە "ئەم بابەتە لە کۆبوونەوەی داهاتووی کۆمیتەی ناوەندیی پارتیمان لە 2-6-2025، دەخەینە بەرباس و بڕیاروەرگرتن و ئەگەر تا پێش جەژنی پیرۆزی قوربان، ماف و شایستە داراییەکانی خەڵکی هەرێمی کوردستان ڕەوانە نەکرێت هەڵوێستی جدیمان دەبێت و ڕایدەگەیەنین."