ئەپڵیکەیشنی پسولەی خۆراک لە هەولێر کارا کرا

ئێوارەی ئەمڕۆ ئەپڵیکەیشنی پسولەی خۆراک لە هەولێر کارا کرا و لە هەرێمی کوردستان مانگانە زیاتر لە پێنج ملیۆن هاووڵاتیی بەشەخۆراک وەردەگرن.

سیامەند قادر، بەڕێوەبەری پسولەی خۆراکی هەولێر، ئەمڕۆ پێنجشەممە، 29ـی ئایاری 2025، بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕاگەیاند: کاتژمێر6:00 ئێوارەی ئەمڕۆ بەفەرمی ئەپڵیکەیشنی پسولەی خۆراک لە ناوەندی شاری هەولێر و ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و تەواوی شارۆچکە و شارەدێکان کارا کرا و هاووڵاتییان دەتوانن بە مەبەستی نوێکردنەوەی پسولەکانیان زانیارییەکانیان تۆمار بکەن.

سیامەند قادر، گوتی: تا ئەوکاتەی 50٪ـی هاووڵاتییانی عێراق و هەرێمی کوردستان نوێکردنەوەی پسولەکانیان بە ئەپڵیکەیشن تۆمار نەکەن، بژاردەکانی دیکەی وەک، گواستنەوەی ناو و تۆمارکردنی ناوی منداڵ، کارا ناکرێت.

هاوکات، ئەمڕۆ بەڕێوەبەرایەتیی پسولەی خۆراکی سلێمانی بڵاویکردەوە، هاووڵاتیانی سنووری سلێمانی ئاگاداردەکەینەوە ئێستا پرۆسەی نوێکردنەوەی زانیاری هاووڵاتیان کارا کراوە، هاووڵاتیان دەتوانن لەرێگای ئەم لینکەوە ئەپڵیکیشنی سیستەمەکە بەزمانی کوردی دابەزێنن بۆ نوێکردنەوەی زانیاریەکانیان.

لە هەرێمی کوردستان نزیکەی هەشت هەزار بریکاری ئارد و خۆراک هەن و پێنج ملیۆن و 350هەزار کەس بەشەخۆراکی مانگانە وەردەگرن.

 لە سنووری پارێزگای هەولێر بە ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانەوە دوو هەزار و 297. بریکاری ئارد و خۆراک هەن.

پێشتر لە 8ـی ئایاری 2025، پڕۆسەی بە ئەلیکترۆنیکردنی بریکارەکانی خۆراک وەک یەکەم پارێزگا بە فەرمی لە هەڵەبجە کاراکرا.

 
 
Fly Erbil Advertisment