ڕەحیم عەبوودی: پێش جەژن مووچەی مانگی پێنج ڕەوانە دەکرێت

ئەندامێکی دەستەی کارگێڕیی ڕەوتی حیکمە، دەڵێت: لە 24 کاتژمێری داهاتوودا شاندێکی چوارچێوەی هەماهەنگیی، بە سەرۆکایەتیی هادی عامری، سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات و لەگەڵ سەرکردە باڵاکانی هەرێم بە مەبەستی چارەکردنی کێشەکان کۆ دەبێتەوە.
شەممە 31ـی ئایاری 2025، ڕەحیم عەبوودی، ئەندامی دەستەی کارگێڕیی ڕەوتی حیکمە، تایبەت بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند: سەرۆک وەزیرانی عێراق پێشنیازی کردووە تا قەرزێک بدرێت بە هەرێمی کوردستان بۆ مووچەی مانگی ئایار، بۆیە بە پێی پێشنیازەکە, پێش جەژن مووچەی مانگی ئایار ڕەوانە دەکرێت.
باسی لەوەش کرد، دوای ئەوەی مووچەی مانگی ئایار ڕەوان دەکرێت، دەبێت بەرپرسانی حکوومەتی هەرێم و عێراق کۆ ببنەوە، بۆ ئەوەی گفتوگۆیەکی ڕاستەقینە لە نێوانیان هەبێت و ئەنجامی گفتوگۆکانیش ببێتە بڕیارێکی جددی.
ئەو ئەندامەی دەستەی کارگێڕیی ڕەوتی حیکمە، جەختی لەوە کردەوە، پێویستە کێشەی مووچە بۆ مانگەکانی داهاتووش چارە بکرێت.
لەبارەی سەردانی شاندێک لە بەغداوە بۆ هەولێر، ڕەحیم عەبوودی، گوتی: لە 24 کاتژمێری داهاتوودا شاندێکی چوارچێوەی هەماهەنگیی بە سەرۆکایەتیی هادی عامری سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای حکوومەتی هەرێم کۆ دەبێتەوە.
دەشڵێت: محەممەد شیاع سوودانی، هادی عامری ڕاسپاردووە لە سەردانەکەیدا، گفتوگۆ لەگەڵ بەرپرسانی باڵای حکوومەتی هەرێمی کوردستان بکات، بێگومان کۆبوونەوەکەش بۆ مەبەستی چارەکردنی کێشەکانی هەولێر و بەغدایە.