ڕێبوار هادی: بڕیارەکەی وەزارەتی دارایی نادەستورییە

سەرۆکی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی عێراق بڕیارەکەی وەزارەتی دارایی عێراق بۆ راگرتن و نەناردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بە نادەستووری و نایاسایی وەسفدەکات. 

یەکشەممە، 1ـی حوزەیرانی 2025، ڕێبوار هادی سەرۆکی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی عێراق، ڕاگەیاند: بڕیارەکەی تەیف سامی وەزیری دارایی عێراق بە نادەستووری و نایاسایی ناودەبات و بڕیارەکە پەیوەندی بە بەرهەمهێنانی نەوت و هەناردەکردن و بەجێکردنی مووچەوە هەیە

رێبوار هادی گوتی: بەگوێرەی دەستووری عێراق ئەو بیرە نەوتانەی کە لەدوای ساڵی 2003 دەدۆزرێنەوە بە پلانی ستراتیژی هاوبەش لەنێوان حکوومەتی فیدراڵ و مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت بەڵام دەرهێنانی نەوت لەلایەن حکوومەتی هەرێمەوە سەرپەرشتی دەکرێت و دادگاش لەماوەی رابردوودا دەستووریبوونی گرێبەستییەکانی نەوتی هەرێمی کوردستانی سەلماندووە.

ئاماژەی بەوەش کرد، حکوومەتی هەرێم بۆیە ناتوانێت بەشداربێت لە پارەدارکردنی بودجە، چونکە نزیکەی دوو ساڵە هەناردەکردنی نەوتی هەرێم لەلایەن بەغدا ڕاگیراوە، دەشڵێت: پێویستە حکوومەتی فیدڕاڵی پابەندی ئەو گرێبەستانە بێت، کە لەنێوان کۆمپانیاکان و حکوومەتی هەرێم واژۆکراون، سەبارەت بە بانکیکردنی مووچەی مووچەخۆرانیش، هیچ گرفتێکی یاسایی نییە وەک چۆن نەوتی هەرێمی کوردستان بەشێکە لەنەوتی عێراق بانکەکانیش بەشێکن لە سیستەمی بانکی لەچوارچێوەی عێراق.

 
 
Fly Erbil Advertisment