دەستەی گەشتوگوزاری کوردستان: پێشبینی هاتنی زیاتر لە 300 هەزار گەشتیار دەکەین

گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، لە ڕۆژانی جەژنی قوربان، پێشبینی دەکەین زیاتر لە 300 هەزار گەشتیار ڕوو لە شارەکانی کوردستان بکەن.
ئەمڕۆ سێشەممە، 3ـی حوزەیرانی 2025، ئیبراهیم عەبدولمەجید، گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان، تایبەت بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕاگەیاند "بەمەبەستی پێشوازیی گەشتیاران بۆ شوێنەگەشتیارییەکان لە ڕۆژانی جەژنی قوربان، ئامادەکاری تەواویان بۆ کراوە."
گوتەبێژی دەستەی گەشتوگوزار دەڵێت: ئامادەکارییەکان لەسەر دوو ئاستە، ئاستی کەرتی حکوومەتی و ئاستی کەرتی تایبەتن، لەسەر ئاستی حکوومەتی مەبەستمان ئەو هەماهەنگییانەیە لە نێوان دامەزراوە پەیوەندیدارە حکوومییەکان هەرێمی کوردستان هەیە، بەتایبەت ئاسایشی بازگەکان کە ئاسانکاری زۆر بۆ گەشتیاران دەکەن، لە کاتی هاتنیان بۆ هەرێمی کوردستان.
دەشڵێت: چەندان لیژنەش بە ئەرک و بەرپرسیارێتی جیاواز لەسەر ئاستی بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەکانمان پێک هێنراون کە لە نزیکەوە چاودێریی ڕەوشەکە دەکەن، هاوکات هەشت ژمارەی تەلەفۆن لەسەر ئاستی چوار پارێزگا و چوار ئیدارەی سەربەخۆ لەسەر هێڵی گەرم دابین کراوە. بۆ ئەوەی لە حاڵەتی نەخوازراو، گەشتیاران بتوانن پەیوەندیی بکەن.
ئاماژەی بەوەش دا، لەسەر ئاستی کەرتی تایبەتیش هەماهەنگی تەواو هەیە لەگەڵ چێشتخانەکان، هۆتێلەکان و تەواوی بنکە گەشتیارییەکان و ڕاسپێردراون لە ڕۆژانی پشوو و جەژنی قوربان کراوەبن، تاکوو گەشتیاران سوود لە خزمەتگوزارییەکان وەربگرن.
ئیبراهیم عەبدولمەجید، ڕاشیگەیاند "پێشبینی دەکەین بۆ 10 ڕۆژی پشووەکانی جەژنی قوربان، زیاتر لە 300 هەزار گەشتیار بێنە شارەکانی هەرێمی کوردستان بکەن."