عێراق نایەوێت خەونە 39 ساڵەکەی لەناو ببرێت

هاندەرانی هەڵبژاردەی عێراق
هاندەرانی هەڵبژاردەی عێراق

هەڵبژاردەی عێراق بە گۆڕانکارییەکی گەورەوە ئامادەکاری بۆ یارییەکی چارەنوساز و مێژوویی لە پاڵاوتنەکانی کیشوەری ئاسیا، بۆ گەیشتن بە مۆندیالی 2026 کردووە، ئەویش دوورخستنەوەی خێسۆس کاساس راهێنەری ئیسپانی و هێنانی گراهام ئارنۆڵدی ئوستڕالی.

دوایینجار ساڵی 1986 بوو کاتێک هەڵبژاردەی عێراق بەشداری مۆندیالی کرد، واتە هاندەرانی شێرەکانی رافیدەین نزیکەی 39 ساڵە بەردەوام خەون بە گەیشتنی هەڵبژاردەی وڵاتەکەیان بۆ مۆندیال دەبینین، دوای ئەوەندە ساڵە ئێستا چانسێکی باش هەیە، بۆ ئەوەی خەونی هاندەرانیان بکەنە راستی.

هەڵبژاردەی عێراق قۆناغی یەکەم و دووەمی پاڵاوتنەکانی بە باشی تێپەڕاند، لە قۆناغی سێیەمیش کە کۆتا قۆناغی سەرکەوتنی شەش هەڵبژاردەیە بە شێوەیەکی راستەوخۆ، عێراقیەکان ئەنجامیان باش بوون، بەڵام لەناکاو ئەنجامەکان ئاوەژۆ بونەوە.

شێرەکانی رافیدەین لە پێنج یاری سەرەتای قۆناغی سێیەمی پاڵاوتنەکانی کیشوەری ئاسیا، بۆ گەیشتن بە مۆندیالی 2026 تەنها یارییەکیان دۆڕاند و تاوەکو رادەیەکی زۆر، لە گەیشتن بە مۆندیال نزیککەوتنەوە، بەڵام دوو یاری دواتر وایکرد هەندێک دووربکەونەوە.
نەهامەتیەکان لە یارییەکەی بەرامبەر کوەیت دەستی پێکرد و هاندەرانی ئەو هەڵبژاردەیە لە یاریگای خۆیان بە شێوەیەکی چاوەڕواننەکراو یەکسانبوون، لە یارییەکەی دواتریش بەرامبەر فەڵەستین کارەسات دروستبوو و تووشی دۆڕان بوون.

ئێستا هەڵبژاردەی عێراق دوو یاری چارەنوسی لەبەردەم ماوە، ئەویش بەرامبەر کۆریای باشوور پێشەنگی کۆمەڵەکە کە هێشتان سەرکەوتنی بۆ مۆندیال مسۆگەر نەکردووە، هەروەها ئوردن دووەمی کۆمەڵەکە کە ئەوانیش نایانەوێت بە ئاسانی پلەکەیان چۆڵ بکەن.

هەڵبژاردەی تۆپی پێ عێراق ئەگەر لە قۆناغی سێیەمیش نەتوانێت بلیتی بەشداری کردن لە مۆندیالی 2026 بەدەست بهێنێت، ئەو کات چانسێکی دیکە لەبەردەمە ئەویش قۆناغی چوارەمە، کە هەڵبژاردەکانی سێیەم و چوارەمی قۆناغی سێیەم، لەم قۆناغە کێبڕکێی لەسەر دوو کورسی دیکەی ئاسیا دەکەن.

 
Fly Erbil Advertisment