فەڕەنسا و ئیسپانیا چاوییان لە نوسینەوەی مێژوویەکی نوێیە

هەڵبژاردەی ئیسپانیا لە بەردەم نوسینەوەی مێژوویەکی نوێیە، هەڵگری ناسناوی خولی نەتەوەکانی ئەوروپایە و لە قۆناغی پێشکۆتایی رووبەڕووی فەڕەنسا دەبێتەوە. یاریزانە لاوەکانی لارۆخا ئامانجیانە ببنە یەکەم هەڵبژاردە، دووجار لەسەر یەک ناسناوەکە ببەنەوە. لە بەرامبەردا فەڕەنسا دەیەوێت ببێتە یەکەم هەڵبژاردە، دووجار ناسناوەکە بباتەوە.
هەردوو هەڵبژاردەی ئیسپانیا و فەڕەنسا دووەمجارە لە خولی نەتەوەکانی ئەوروپا رووبەڕووی یەکتری دەبنەوە. یەکەمجار وەرزی 2020 بۆ 2021 لە یاری کۆتایی بوو، ئەو کاتە کەڵەشێرەکان یارییەکەیان بردەوە و بۆ جاری یەکەم ناسناوەکەیان بەرزکردەوە.
هەڵبژاردەی ئیسپانیا لەوەتەی دۆڕانەکەی بەرامبەر سکۆتلەندا لە پاڵاوتنەکانی لە ساڵی 2023 هیچ یارییەکی دیکەی نەدۆڕاندووە، لەو کاتەوە لارۆخا لە کۆی 20 یاری بەرامبەر رکابەرەکانی 15 یاری براوە بووە و لە 5 یاریش بەرامبەربووە.
لەلایەکی دیکەوە هەڵبژاردەی فەڕەنسا لەوەتەی یاری کۆتایی خولی نەتەوەکانی ئەوروپای ساڵی 2021، نەیتوانیوە لە قۆناغە هەستیارەکان براوە بێت. کەلەشێرەکان لە یاری کۆتایی مۆندیالی 2022 تووشی دۆڕان بوون و بە هەمان شێوە لە قۆناغی پێشکۆتایی یۆرۆی 2024 تووشی دۆڕان بوون.
هەڵبژاردەی فەڕەنسا لە کۆی پێنج یاری رابردوو بەرامبەر ئیسپانیا، خاوەنی سێ بردنەوە و دوو دۆڕانە و دوایین بردنەوەشیان بەرامبەر رکابەرەکەیان، یاری کۆتایی نەیشن لیگ ساڵی 2021 بوو. هەروەها چوار یاری نێوان ئەو دوو هەڵبژاردەیە، بە جیاوازی یەک گۆڵ کۆتایی هاتووە.
لە ریزەکانی هەڵبژاردەی فەڕەنسا سێ یاریزانی پێکهاتەی سەرەکی بەهۆی پێکان بانگهێشتنەکراون، ئەوانیش بریتین لە ئۆپامێکانۆ و ژول کوندێ و هەروەها ویلیام سالیبا، بۆیە ئەو سێ یاریزانە بەشداری یارییەکەی بەرامبەر ئیسپانیا ناکەن.