27 کاتژمێر لە توالێت مانەوە بۆ بینینی فاینەڵی چامپیۆنزلیگ

هاندەرانی پاریس سانجێرمان
هاندەرانی پاریس سانجێرمان

رۆژی شەممە 31ـی مانگی ئایاری رابردوو لە یاریگای ئالیێنز ئارێنا لە شاری میونشنی ئەڵمانیا، یاری کۆتایی چامپیۆنزلیگ لە نێوان هەردوو یانەی پاریس سانجێرمان و ئینتەر میلان بەڕێوەچوو. دوو هاندەری بەلجیکی بۆ ئەوەی بتوانن یارییەکە بێ بەرامبەر واتە بەلاش ببینن. بۆ ماوەی 27 کاتژمێر خۆیان لە توالێتی یاریگاکە حەشارداوە.

دوای زیاتر لە هەفتەیەک دوو هاندەری بەلجیکی بەناوەکانی نیل رەمری و هەروەها شان هاوربیک ئاشکرایان کردووە، لە پێناو بینینی یاری کۆتایی چامپیۆنزلیگ، لە نێوان هەردوو یانەی پاریس سانجێرمان و ئینتەر میلان، بڕیاریاندا سەرکێشیەک بکەن و لە توالێتی یاریگاکە خۆیان حەشار بدەن.

ئەو دوو هاندەرە دەگێڕنەوە و دەڵێن، چەندین بیرۆکەیان هەبوو بۆ ئەوەی بتوانن بەخۆڕایی بڕۆن و سەیری یاری کۆتایی بکەن، بەڵام دواجار گەیشتنە ئەو ئەنجامەی لە توالێتەکانی یاریگاکە خۆیان حەشار بدەن. ئەوە بوو رۆژێک پێش یارییەکە خۆیان گەیاندە یاریگای ئالیێنز ئارێنا و خۆیان لەناو توالێتەکان شاردەوە.

لەبارەی ئەوەی ئایا کارکەرانی یاریگاکە چۆن هەستیان بە هەبوونی ئەوان لە توالێتەکان نەکردووە ئەو دوو هاندەرە دەڵێن، چەندینجار کەسانی پاککەرەوە هاتن و سەردانی شوێنەکەیان کرد، بەڵام لە چانسی ئەوان هیچ کامیان نەهاتە ئەو ژوورەی ئەوان خۆیان تێدا حەشاردابوو.

ئەو دوو هاندەرە زیاتر باس لە مانەوەیان لە توالێتەکانی یاریگای ئالیێنز ئارێنا دەکەن و دەڵێن، لە ماوەی ئەو 27 کاتژمێرە بەردەوام خۆیان بە مۆبایلەکانیان سەرقاڵ کردووە، هەروەها خواردنێکی زۆریان لەگەڵ خۆیاندا برد بۆ ئەوەی هەست بە برسێتی نەکەن.

 

 
 
Fly Erbil Advertisment