وشکەساڵی هەڕەشە لە 20 ملیۆن هاووڵاتی عێراق دەکات

عێراق چەند ساڵێکە بەدەست کەمیی ئاو گیرۆدە بووە، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ هۆیە سروشتییەکان، وەک گۆڕانی کەشوهەوا و کەمیی باران، هەروەها هۆیە سیاسییەکانیش بەشێکی دیکەی ئەو گرفتەیە، کە وڵاتانی دراوسێ کە ئاویان وەکوو کارتێکی سیاسیی بەرانبەر بە عێراق بەکارهێناوە.

سائر جبوری، ئەندامی لیژنەی کشتوکاڵ و ئاو لە پەرلەمانی عێراق بە میدیای ناوخۆیی عێراقی ڕاگەیاند،  قەیرانی وشکەساڵی کاریگەریی لەسەر حەوت بۆ هەشت پارێزگای عێراق هەیە، کە زۆربەیان لە باشووری وڵاتدان.

گوتیشی: ئەم ئاماژەیە هەڕەشەیەکی گەورەیە لەسەر هاووڵاتیانی عێراق، کە ڕەنگە نەتوانرێت ئاوی خواردنەوەیان بۆ دابین بکرێت، بەتایبەتی لەگەڵ هاتنی وەرزی هاوین و کەمکردنەوەی بەردانەوەی ئاو بۆ ناو ڕووبارەکانی دیجلە و فورات لەلایەن تورکیاوە.

سائر جبوری ڕوونیکردەوە، "ئەم بێخەمیەی ئەنقەرە، پێشێلکردنی ئاشکرای ئەو لێکتێگەیشتنانەیە کە لەنێوان هەردوولا کراوە، ئەمەش لە چوار ئاراستەدا کاردانەوەی جددی دەبێت، دیارترینیان: کاریگەریی ڕاستەوخۆ لەسەر دانیشتوانی گوندەکان دەبێت، ئەگەری ئاوارەبوون و کۆچکردنی بەکۆمەڵ، لەناوبردنی هەر پلانێکی کشتوکاڵی لە داهاتوودا، هەروەها زیادبوونی ڕێژەی هەژاری لەو ناوچانەدا."

جەختیشی کردەوە، "وشکەساڵی دەبێتە هۆی پیسبوونی ژینگە و ئاو، لەگەڵ ئەگەری بڵاوبوونەوەی نەخۆشی و پەتاکان، گوتیشی: دەمێکە دیاردەی بە بیابانبوون دەستی پێ کردووە، بۆیە مەترسیەکە تەنیا لەسەر ناوچەیەکی دیاریکراو نییە، بەڵکو تەواوی ئەو پارێزگایانەی باشووری عێراق دەگرێتەوە، کە زیاتر لە 20 ملیۆن کەسی تێدایە."

دەشڵێت: "پێویستە حکوومەتی عێراق ڕێوشوێنی خێرا بگرێتە بەر و فشار بخاتە سەر تورکیا، بۆ ئەوەی ئاوی زیاتر بەربداتەوە، هەروەها پێویستە گفتوگۆیەکی جددی لەنێوان بەغدا و ئەنقەرەدا بکرێت، بۆ ئەوەی بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان ئاو بۆ عێراق بەربدرێتەوە. 

 

 
Fly Erbil Advertisment