هۆتێل و مۆتێلەکانی دهۆک پڕبوون لە گەشتیار

لە پارێزگای دهۆک لە پێنج ساڵی رابردوو زیاتر لە 30پڕۆژەی گەشتیاری دروستکراون و 13هەزار هەلیکاریش بۆ گەنجان و هاووڵاتییانی پارێزگایەکە ڕەخساوە.
پێنجشەممە، 5ـی حوزەیرانی 2025، ئیحسان محەممەد، سەرۆکی لقی کۆمەڵەی هۆتێل و مۆتێلەکانی دهۆک بە کوردستان24ـی گوت: لێژنەکانی دەستەی گەشتوگوزار بە هەماهەنگی لەگەڵ کۆمەڵەکەمان بەردەوام بەدواداچوون بۆ تەواوی یەکە گەشتیارییەکان و شوێنی حەوانەوەیان دەکەن، پێشبینی دەکەین ئەمساڵ لە وەرزی هاویندا ژمارەیەکی زۆری گەشتیار سەردانی پارێزگای دهۆک بکەن و ئەمەش دەرفەتێکی باش دەرەخسێنیت بۆ دروستکردنی جووڵەیەکی باشی ئابووری بەهۆی گەشتیارانەوە.
خاوەنی کۆمەڵگا گەشتیارییەکانی دهۆک بە کوردستان24یان گوت: بەبۆنەی جەژنی قوربانەوە شوێنی حەوانەی گەشتیاران پڕبوون و تەواوی ئامادەکارییەکانمان کردووە بۆ ئەوەی بەباشترین شێوە پێشوازی لە گەشتیار و سەردانیکەران بکەین و زۆرترین ڕێژەیی گەشتیاران لە خواروو و ناوەڕاستی عێراقن.
لە پێنج ساڵی ڕابردوو زیاتر لە 30 پڕۆژەی گەشتیاری لە سنووری پاریزگای دهۆک دروستکراون.
بەگوێرەی بەدواداچوونەکانی کوردستان24، لە 90٪ هۆتێل و مۆتێل و پڕۆژە گەشتیارییەکان پڕبوون لە گەشتیاران و مانگانە نزیکەی حەوت شوێنی نوێی تایبەت بە گەشتیاران دەکرێنەوە، ئەمەش بووەتە هۆی دروستبوونی 13هەزار هەلیکار بۆ گەنجان و هاووڵاتییانی ئەو پارێزگایە.
لە پارێزگای دهۆک 160 هۆتێل و مۆتێل و شوێنی حەوانەوەی گەشتیاری هەن و ساڵانە زیاتر لە 20شوێنی حەوانەی تایبەت بە گەشتیاران لەو پارێزگایە دروستدەکرێن.