پشتبەستن بە داهاتی نەوت، عێراقی گەیاندووەتە لێواری داڕمانی ئابووری

پسپۆڕێکی ئابووری دەڵێت: پشتبەستن بە داهاتی نەوت و مانەوەی خەرجییەکان لە ئاستێکی بەرز، عێراقی گەیاندووەتە لێواری داڕمانی ئابوورییەکەی.
وەزارەتی دارایی عێراق ڕایگەیاندووە، داهاتی بودجەی گشتیی فیدراڵی لە ساڵی 2024، 140 ترلیۆن و 774 ملیار و 106 ملیۆن و 157 هەزار دینار بووە. بە گوێرەی خشتەکانی وەزارەتی دارایی عێراق 91%ـی داهاتەکانی ساڵی ڕابردوو داهاتی نەوتی بوون؛ کە بریتی بوونە لە 127 ترلیۆن و 536 ملیار و 400 ملیۆن و 812 هەزار دینار. هەروەها داهاتە نانەوتییەکانیش 13 ترلیۆن و 237 ملیار و 705 ملیۆن و 728 هەزار دینار بوونە. لە هەمان کاتدا خەرجییە گشتیییەکان لە ڕێژەیەکی بەرزدا ماونەتەوە، بەوپێیەی خەرجییەکانی ساڵی 2024، 125 ترلیۆن و 214 ملیار و 440 ملیۆن و 53 هەزار دینار بوونە.
محەمەد حوسنی، پسپۆڕی ئابووری دەڵێت: پشتبەستنی عێراق بە نەوت لە داهاتە گشتیییەکانی ئاماژەیە بۆ ئەوەی هێشتا حکوومەتی عێراق لەژێر بارگرانیی ئابووریی و بێکاریدایە کە ڕێگریی لە هەر پێشکەوتن و گەشەسەندنی ئابووریی وڵاتەکە دەکات. ناوبراو دەشڵێت: لەپێناو دڵنیابوون لە ئایندەیەکی بەردەوام بۆ ئابووری، پێویستە عێراق هەنگاو بۆ بەهەمەچەشنکردنی داهات و کەمکردنەوەی خەرجییە گشتیییەکان بنێت، هەروەها بەرەنگاری بەفیڕۆدانی دارایی ببێتەوە.
لە ماوەی ڕابردوودا مەزهەر محەممەد ساڵح، ڕاوێژکاری دارایی سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕایگەیاندبوو، هۆی مانەوەی ئابووریی عێراق وەک ئابوورییەکی لاواز، دەگەڕێتەوە بۆ ناسەقامگیریی دۆخی ئەمنی و بەردەوامیی ململانێ سیاسییەکان کە بووەتە هۆی پەرتەوازەبوونی داهاتەکان.
بەردەوامیی پشتبەستنی حکوومەتی عێراق بە نەوت وەک تاکە سەرچاوەی داهاتەکان لە بودجەی گشتیی ئابووری، عێراقی گەیاندووەتە لێواری داڕمانی ترسناکی ئابوورییەکەی، بەتایبەت کە نرخی نەوت لە ژێر کاریگەری سیاسیدا لە بەرزی و نزمی نائاسایی نرخەکاندایە. ئەمە بووەتە ئاماژەیەک لە بێتوانایی عێراق لە بەڕێوەبردنی سندووقە گشتییەکان و لاوازیی دۆزینەوەی چارەسەری شوێنگرەوە.