تۆم باراک: شه‌رع مەترسی تیرۆرکردنی لەسەرە

نێردەی تایبەتی سه‌رۆكی ئەمه‌ریکا بۆ کاروباری سووریا ئاماژه به‌وه ده‌كات، واشنتن نیگەران و په‌رۆشی ژیانی سه‌رۆكی نوێی كۆماری سووریایه؛ ده‌شڵێت، هه‌وڵه‌كانی بۆ دروستكردنی په‌یوه‌ندییه‌كی باش له‌گه‌ڵ ڕۆژئاوا، وا ده‌كات ببێته ئامانجی توندڕۆكان.
سێشه‌ممه، 10ـی حوزه‌یرانی 2025، تۆم باراک، نێردەی تایبەتی سه‌رۆكی ئەمه‌ریکا بۆ کاروباری سووریا به پێگه‌ی "ئه‌لمۆنیتۆر"ـی گوتووه، ئه‌مه‌ریكا پێویستی به هه‌ماهه‌نگیی سیستمێكه بۆ پاراستنی ئه‌حمه‌د شه‌رع، سه‌رۆكی نوێی كۆماری سووریا كه ئه‌مه له به‌رژه‌وه‌ندیی هه‌ردوولادایه و شه‌رع پیاوێكی ژیره و متمانه‌ی به‌و كاره هه‌یه كه ده‌یكات.
تۆم باراک سه‌رنجی بۆ ئه‌وه ڕاكێشاوه، هەوڵەکانی شەرع بۆ پێشخستنی حوکمرانییه‌كی گشتگیر و هێنانه‌ئارای پەیوەندییه‌كی ئه‌رێنی لەگەڵ ڕۆژئاوا، وا ده‌كات توندڕۆ ناڕازییه‌كان به ئامانجی بگرن و تیرۆری بكه‌ن.
نێردەی تایبەتی سه‌رۆكی ئەمه‌ریکا بۆ کاروباری سووریا باسی له‌وه‌ش كردووه، زنجیره‌یه‌ك ئالنگاری ڕووبه‌ڕووی شه‌رع ده‌بێته‌وه، به‌تایبه‌تی تێكه‌ڵكردنی هێزه‌كانی سووریای دیموكراتی له‌گه‌ڵ سوپای سووریا و یه‌كخستن و تێكه‌ڵكردنی چه‌كداره بیانییه‌كان و چاره‌كردنی كه‌مپه‌كانی باكووری سووریا.
تۆم باراک هاوكات ئومێدی خواستووه، سووریا و ئیسرائیل له میانی دیالۆگی بونیاتنهرانهوه ڕێك بكه‌ون و ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی سه‌ربازیی له نێوانیان سوودی بۆ هیچ لایه‌ك نابێت.