قەبارەی دەرچوونی دراوی بیانی لە عێراق ساڵ دوای ساڵ زیاتر دەبێت

دیناری عێراقی
دیناری عێراقی

ساڵانە بە دەیان ملیار دۆلار لە ڕێگەی حەواڵەی دەرەکییەوە دەبرێتە دەرەوەی عێراق، لە کاتێکدا ئامانجی سەرەکیی حەواڵەی دەرەکی بۆ هاوردەکردنی کاڵا و خزمەتگوزارییەکانە، بەڵام قەبارەی حەواڵەی دەرەکی هاوتا نییە لەگەڵ ئەو داهاتەی لە دەروازە سنوورییەکانی عێراق دەست دەکەوێت.

قەبارەی دەرچوونی دراوی بیانی لە عێراق ساڵ دوای ساڵ زیاتر دەبێت، بەهۆی پشتبەستنی عێراق بە کاڵا دەرەکییەکان لە پێنج ساڵدا حەواڵەی دەرەکی 300 ملیار دۆلاری تێ پەڕاندووە، بەڵام ئامارەکان ئاشکرای دەکەن سوودێکی کەمی بە ئابووریی عێراق گەیاندووە، دامەزراوە دارییەکانش هۆشداری لە سیستەمی گومرگی عێراق دەدەن.

مەنار عوبەیدی، سەرۆکی دەزگای عێراقی ئاییندە بۆ لێكۆڵینەوە و ڕاوێژكاری ئابووری بڵاوی کردووەتەوە، 415 ترلیۆن دیناری عێراقی کە بەرانبەرە بە زیاتر لە 311 ملیار دۆلار لە نێوان ساڵانی 2019 بۆ 2024 بە فەرمی گواستراوەتەوە بۆ دەرەوەی عێراق ئامانجیش لێی هاوردەکردنی کاڵا و خزمەتگوزارییەکان بووە، بەڵام سوودێکی کەمی بە عێراق گەیاندووە.

عوبەیدی دەشڵێت: بەراوردکارییەکان شۆکهێنەرن، بە گوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی دارایی عێراق کۆی گشتی ئەو بڕە پارەیەی لە هەمان ماوەدا لە ڕێگەی باجی گومرگی کۆکراوەتەوە 8.5 ترلیۆن دیناری تێپەڕنەکردووە، بە واتایەی عێراق تەنیا بە 2%ی کۆی بەهای پارەی گواستراوە سوودمەند بووە ئەمەش بەراورد بە ئامارەکان بڕە پارەیەکی زۆر کەمە.

بە گوتەی سەرۆکی دەزگای عێراقی ئاییندە بۆ لێكۆڵینەوە و ڕاوێژكاری ئابووری: بە گریمانەی تێکڕای باجی گومرگی عێراق بە رێژەی 7% و بە لە بەرچاوگرتنی لێخۆشبوون و ڕسووماتی بەرز لەسەر بەشێکی کاڵاکان، دەبوو داهاتی باجی گومرگی 29 ترلیۆن دینار تێ پەڕێنێت ئەمەش ئاماژەیە بۆ زیانێکی 21 ترلیۆن دیناری کە رەنگە ژمارەکان لە راستییدا زیاتریش بن. دەشڵێت: ئەم جیاوازییە گەورەیەی داهاتەکان بەهۆی لێخشبوون و کەمکردنەوەی ڕسووماتەکان نەبووە، بەڵکوو پەیوەندیدارە بە کەڵێنە قووڵەکانی سیستەمی گومرگی عێراق.

دوایین ئامارەکانی وەزارەتی دارایی عێراق دەریدەخەن؛ داهاتی نانەوتی عێراق کەمتر لە 10%ی کۆی داهاتەکانی ساڵی ڕابردووی پێکهێناوە بە جۆرێک، وەزارەتی دارایی ڕایدەگەیەنێت: داهاتی بودجەی گشتی فیدڕاڵی بۆ ساڵی 2024دا 140 ترلیۆن دینار بووە لە بڕە 91%ـی داهاتەکانی ساڵی ڕابردوو داهاتی نەوتی بوون و بەهۆی گەندەڵییەوە داهاتی نانەوتی پاشەکشەی کردووە.

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment