ماڵپه‌ڕێك: ناتانیاهۆ داوای لە ترەمپ کردووه نێوەندگیریی بۆ ڕێککەوتن لەگەڵ سووریا بکات

به‌رپرسانی ئیسرائیل ئاماژه به‌وه ده‌كه‌ن، سه‌رۆك وه‌زیرانی وڵاته‌كه‌یان نێرده‌ی تایبه‌تی سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكای بۆ سووریا له خواستی خۆی بۆ دانوستان له‌گه‌ڵ دیمه‌شق ئاگادار كردووه‌ته‌وه.
چوارشه‌ممه، 11ـی حوزه‌یرانی 2025، ماڵپه‌ڕی ئه‌كسیۆس له‌سه‌ر زاری دوو به‌رپرسی ئیسرائیلی بڵاوی كرده‌وه، بنیامین ناتانیاهۆ، سه‌رۆك وه‌زیرانی ئیسرائیل، تۆم باراك، نێرده‌ی تایبه‌تی سه‌رۆكی ئه‌مه‌ریكای بۆ سووریا له خواستی خۆی بۆ دانوستان له‌گه‌ڵ دیمه‌شق ئاگادار كردووه‌ته‌وه و داوای نێوه‌ندگیریی لێ كردووه.
ماڵپه‌ڕی ئه‌كسیۆس له زاری به‌رپرسانی ئیسرائیل گواستوویه‌تییه‌وه، گۆڕانكارییه‌كانی سووریا به‌تایبه‌تی دوای كشانه‌وه‌ی ئێران و حزبوڵڵای لوبنانی له‌و وڵاته به ده‌رفه‌ت ده‌زانن بۆ ئه‌وه‌ی ئاشته‌وایی له‌گه‌ڵ دیمه‌شق بكه‌ن.
ماڵپەڕه ئەمه‌ریکییه‌كه گوتووشیه‌تی، گۆڕانکارییە گەورەکەی سیاسەتی ئەمه‌ریکا بەرانبەر بە حکوومەتی نوێی سووریا وایكردووه، ئیسرائیل هه‌نگاو هه‌نگاو سیاسه‌تیی خۆی به‌رانبه‌ر دیمه‌شق بگۆڕێت.
بە گوێرەی سەرچاوە ئیسرائیلییه‌كان، حکوومەته‌كه‌ی ناتانیاهۆ په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ دیمه‌شق ده‌ست پێ كردووه كه سه‌ره‌تا به نهێنی و به نێوه‌ندگیریی وڵاتێكی دیكه بووه و دواتریش كۆبوونه‌وه‌ی ڕاسته‌وخۆ نهێنی له وڵاتێكی سێیه‌م ده‌كه‌ن.