سوپای پاسداران: دەبێت ئیسرائیل چاوەڕێی وەڵامێکی توند بکات

سوپای پاسداران دەڵێت: بەڵێن دەدەین هەڵەی تاوانکاران کە بەرانبەر بە ئێران و گەلی وڵاتەکە ئەنجامیان داوە بێ وەڵام نەبێت.
هەینی 13ـی حوزەیرانی 2025، سوپای پاسداران، لە ڕاگەیەنراوێکدا ئاشکرای کرد، ئیسرائیل دەبێت چاوەڕێی وەڵامێکی توند و بەهێز بێت، بەڵێن دەدەین لەسەر ڕێبازی شەهید حوسێن سەلامی بەردەوام بین.
سوپای پاسداران، دەڵێت: بێگومان شەهید حوسێن سەلامی، یەکێک بوو لە فەرماندە دیارەکانی شۆڕشی ئێران، پیاوی مەیدانی جەنگ بوو.
لە لایەکی دیکەوە سوپای ئێران، ڕایگەیاند: ئیسرائیل بە پاڵپشتیی ئەمەریکا، ژمارەیەک هێرشی بۆ سەر ئێران ئەنجام داوە.
گوتیشی: ئیسرائیل و ئەمەریکا، بەو کارەی کە کردییان، باجێکی زۆر قورس دەدەن. جەختی لەوەش کردەوە، وەڵامدانەوەی ئیسرائیل حەتمی و یەکلاکەرەوە دەبێت.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ هەینی 13ـی 2025، سوپای ئیسرائیل، بە بەکارهێنانی 200 فڕۆکەی جەنگی، سەدان هێرشی کردە سەر 300 شوێن لە ئێران و، لە ئەنجامی هێرشەکاندا ژمارەیەک فەرماندەی سوپای پاسداران و زانای بواری ئەتۆم کوژران.