بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیل گەڕانەوەی حاجییان بەڕێگەی ئاسمانی دواخرا

گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیل و ئێرانەوە گەشتی ئاسمانی حاجییانی عێراق بۆ کاتێکی نادیار دواخرا.
ئەمڕۆ هەینی13ـی حوزەیرانی 2025، کاروان ستوونی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان، تایبەت بە ماڵپەڕی کوردستان24ـی ڕاگەیاند "بە هەماهەنگی لەگەڵ دەستەی باڵای گشتیی عێراقی، وەکو بەڕێوەبەرایەتی حەج و عومرە، وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئاینی بەردەوام لەسەر هێڵ بووین، خشتەیەک دانراوە بۆ گەڕانەوەی حاجییانی هەرێمی کوردستان کە بڕیار بوو سبەی شەممە، 14ـی حوزەیران یەکەم گەشتی حاجییان بە ڕێگەی ئاسمانی بگەڕێتەوە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر و سلێمانی، بەڵام بەداخەوە بەهۆی هاتنە پێشەوەی ئەم پێشهاتە کە چاوەڕواننەکراو بوو بۆ حاجییان بۆ کاتێکی نادیار دواخرا."
دەشڵێت: سەرۆکی شاندی حاجییانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ سەرۆکی دەستەی باڵای حەج و عومرەی عێراقی لە هەماهەنگی بەردەوامدان بۆ ئەوەی بژاردەیەکی دیکە بۆ حاجییان بکرێت. بژاردەکە بریتییە لە ڕێگەی وشکانی ئەویش لە حاڵەتێکدا ئاسمانی عێراق و هەرێمی کورستان بە داخراوی مایەوە بۆ ماوەیەکی زۆر، ئەوکاتە ناچار دەبین بەهەماهەنگی لەگەڵ دەستەی باڵای حەج و عومرەی عێراقی کە ئەوان پلانی دیکەیان دەبێت، ئەویش گەڕانەوەی حاجییانە بەڕیگەی وشکانی هەروەک ساڵانی ڕابردووش ئەوڕێگایە سەرکەوتووبووە دەگرێتەبەر.
باسی لەوەش کرد، ئێمە چاوەڕێی ئەوە دەکەین لەم دوو ڕۆژەدا ئایا فڕۆکەخانەکان دەستبەکار دەبنەوە یاخود نا، بۆیە دەستەی باڵای حاجییان لە پەیوەندیدان تاکوو ئەم گرفتە تێپەڕینن کە هاتووەتە پێش.
کاروان ستوونی دەشڵێت: بڕیارە تاکوو 20 ئەم مانگە هەموو حاجیان بگەڕێنەوە کوردستان. ئێستا ئێمە ئەو حاجییانەی بە ڕێگەی وشکانی هاتوون کە ژمارەیان هەزار و 640 حاجییە، بگەڕێنەوە، لە ئێستادا 714 حاجی سلێمانی و ڕاپەڕین و هەڵەبجە، بۆ ئێوارە ئەمڕۆ دەگەنەوە کوردستان .
گوتیشی: حاجییانی هەولێر، دهۆک، سۆران، کە ژمارەیان 951 حاجییە لە شاری مەدینەن و سبەی دەگەنەوە هەرێمی کوردستان.
کاروان ستوونی، ڕاشیگەیاند "هیچ گرفتێک لە گەڕانەوەی حاجییان بەڕێگەی وشکانیدا نەبووە، ئێمە دڵنیایی دەدەینە حاجییانی کوردستان، کە هەموو هەوڵێک دەدەین بۆ ئەوەی حاجییانی ئێمە بەسەلامەتی و بە ماوەیەکی کەم بگەڕێنەوە ناو ماڵ و منداڵ و خێزانەکانیان، بەپێی ئەو بەرنامەی بۆیان دادەنرێت."