سوودانی بۆ باڵیۆزی ئەمەریکا: نابێت ئاسمانی عێراق بۆ ململانێ بەکار بهێنرێت

سەرۆک وەزیرانی عێراق، محەممەد شیاع سوودانی لەگەڵ ستیڤن فیگن، باڵیۆزی ئەمەریکا لە بەغدا و فەرماندەی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش لە عێراق باسی لەوە کردووە، نابێت بۆ شەڕ و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکە ئاسمانی عێراق بەکار بهێنن.

ئاژانسی هەواڵی فەرمی عێراق بڵاوی کردووەتەوە، ئەمڕۆ هەینی 13ی حوزەیرانی 2025، سوودانی لە دیدارەکەیدا لەگەڵ باڵیۆزی ئەمەریکا و فەرماندەی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی جەختی کردووەتەوە، کە هەڵوێستی عێراق بەرانبەر ئەو هێرشانەی کراوەتە سەر ئێران نەگۆڕە و بە پێشێلکارییەکی تەواوی یاسای نێودەوڵەتییەکان و کردەیەکی تەواو دوژمنکارانەی دەزانێت، ئەمەش ڕێسای سیستەمی نێودەوڵەتیی تێک دەدات و دەبێتە هەڕەشە لە ئاسایشی ناوچەیی و نێودەوڵەتی.

سوودانی ئاماژەی داوە، هێرشەکان لە کاتێکدان، هێشتا هەوڵە دیپلۆماسییەکان لە ئارادان، بەڵام ئەوەی ڕووی دا نەک هەر هەوڵەکان پەک دەخات، بەڵکوو مەبەستێکی بە ئەنقەستە بۆ فراوانکردنی ئاڵۆزییەکان و ڕاکێشانی وڵاتانی هەرێمی بۆ نێو شەڕ و ئاڵۆزییەکان، هەر بۆیە حکوومەتی عێراق هەموو ڕێکارێکی یاسایی دەگرێتەبەر و داوا لە هەموو لایەنە نێودەوڵەتییەکان دەکات دان بەخۆدا بگرن.

هەروەها سەرۆک وەزیرانی عێراق داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی بەتایبەت ئەنجوومەنی ئاسایشی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان كرد، هەنگاوی بەرپرسیارانە و ڕاستەوخۆ بۆ ڕێگری لە خراپتربوونی دۆخەکە بگرێتەبەر.

بە گوێرەی ڕاگەیەندراوەکەی ئاژانسی فەرمی عێراق بڵاوی کردووەتەوە، سوودانی و فەرماندەی هێزەکانی هاوپەیمانان جەختیان لە جێبەجێکردنی ناوەرۆکی ڕێککەوتنی ستراتیژیی کردووەتەوە، کە عێراق نەکێشێتە ناو ململانێکانەوە.

 
 
Fly Erbil Advertisment