بڕوانامەی 'ئایزۆ' بە بەڕێوەبەرایەتی بانکی خوێن درا

بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی هەولێر ڕایگەیاند، سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی، بایەخی زۆری بە کەرتی تەندروستی داوە، ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی ئێمە بەشێوەی کوالێتی کار بکەین.

شەممە، 14ـی حوزەیرانی 2025، د. دلۆڤان محەممەد، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی هەولێر بە کوردستان24ـی ڕاگەیاند، کابینەی نۆیەم و خودی سەرۆک وەزیران مەسرور بارزانی، بایەخی زۆریان بە کەرتی تەندروستی داوە، ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی ئێمە بەشێوەی کوالێتی کار بکەین.

ئاماژەی بەوەش کرد، تاوەکوو ئیستا لە سنووری بەرێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستی هەولێر لە دوو شوێنی سەرەکی بڕوانامەی ئایزۆمان وەرگرتووە، کە بروانامەکە بۆ جۆریەتی کارکردن و کوالێتی باشە. کە یەکێک لەو بڕوانامەیە دراوەتە بەرێوەبەرایەتیی بانکی خوێن و ئەوەی دیکە دراوەتە تاقیگەی تەندروستیی گشتیی.

دلۆڤان محەممەد، گوتیشی: بڕوانامەکەی ئایزۆ، کە ئەمڕۆ پێشکەشی بانکی خوێن کراوە، هاوکاتە لەگەڵ 14ـ6، کە ڕۆژی جیهانی خوێن بەخشینە، ئەمەش هاووڵاتیان و کاربەدەستانی کوردستان دڵنیا دەکاتەوە کە کارەکانی بانکی خوێن لە تاقیگەکان بەشێوەیەکی کوالێتی باش بەڕێوە دەچێت، چونکە ئەو بڕوانامەیە دەدرێت بە پرۆسەیەکی درێژدا دەڕوات.

باسی لەوەش کرد، پێش پێدانی بڕوانامەی ئایزۆ، تیمێکیان سەردانی شوێنەکە دەکەن و بەوردی سەیری کارەکان و چۆنیەتی پرۆسەکە دەکەن، وەک چۆنیەتی خوێن وەرگرتن، کارکردنی ئامێرەکان و کوالێتی ئامێرەکان و تاقیگەکان و چۆنیەتی پکشکنینەکان، کە لەهەموو شتەکان دڵنیا بوونەوە ئینجا بڕوانامەکە دەبەخشرێت.

بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی هەولێر ڕاشیگەیاند، یەکێک لەکارەکانی بەڕێوەبەرایەتیی بانکی خوێن ئەوەیە کۆگایەکی زۆری خوێنی هەیە، ئەمەش بەهاوکاریی خوێنبەخشان و ڕێکخراوەکانی خوێنبەخشان کراوە، هەروەها بە دانانی سیستەمی ئەلیکترۆنی خوێن کە هەموو کات دەزانین ڕێژەی کۆگاکردنمان چەندە و چەند خوێنمان پێویستە. خۆشبەختانە هەموو کات خوێنێکی زۆرمان لە کۆگادا هەیە، هەروەها ئەو نەخۆشانەی خوێنی زۆریان پێویست بووە وەک ئەوانەی چاندنی جگەریان بۆ دەکرێت کە سەرووی 50 بوتڵ خوێنی پێویستە و بەخشەریان دەست ناکەوێت، ئەوە ئێمە بۆیان دابین دەکەین.

بڕوانامەی ئایزۆ :

 (international organization for standardized ) لە ساڵی 1947دامەزراوە، بارەگاكەی لە شاری جنێفی سویسرایە، زیاتر لە 100وڵات گرینگی پێدەدات بۆ تایبەتمەندی و پەیوەندیی جیھانی، چونكە ئەم ڕێكخراوە ھەڵدەستێ بە دەركردنی ئەو تایبەتمەندیە و پێوەرانەی كە لەلایەن زۆربەی وڵاتان پشتیان پێدەبەسترێ لە پیشەسازی و بازرگانی.

بڕوانامەی ئایزۆ

 

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment