ئوردن ئاسمانی وڵاتەکەی داخستەوە

دەستەی فڕۆکەوانی مەدەنی شانشینی ئوردن بەهۆی هێرشەکانی نێوان ئیسرائیل و ئێران، بڕیاری دا تا کاتێکی نادیار ئاسمانی وڵاتەکەی دابخات.
ئاژانسی هەواڵی فەرمی ئوردن (بەترا) لە زاری هەیسەم مستو، بەڕێوەبەری دەستەی ڕێکخستنی فڕۆکەوانیی مەدەنی ئوردن بڵاوی کردووەتەوە، تا کاتێکی نادیار ئاسمانی شانشینی ئوردن لە بەردەم سەرجەم کەشتی فڕۆکە مەدەنییەکان بە هاتن و دەرچوون بە داخراوی دەمێنێتەوە.
هەروەها ئاماژەیداوە، بڕیارەکە ڕێکارێکی دەستەی فڕۆکەوانیی مەدەنییە لە پێناو سەلامەتی گیانی گەشتیاران و فڕۆکەوانی مەدەنی، کە بەهۆی ڕووداوەکانی ئەم دوایەی ناوچەکە مەترسییەکان زیاتر بوون.
بڕیارەکەی دەستەی ڕێکخستنی فڕۆکەوانیی مەدەنی ئوردن لە کاتێکدایە، هەر ئەمڕۆ شەممە 14ـی حوزەیرانی 2025، بڕیاریدا بوو کاتژمێر 7:30ی ئێوارە بە کاتی عەممان ئاسمانی وڵاتەکەی بکرێتەوە، بەڵام دوای چەند کاتژمێر لە کرانەوەی ئاسمانی ئوردن، دووبارە بڕیاری داخستنەوەی دا.