سبەی گشت حاجییانی هەرێم بەڕێگای وشکانی دەگەڕێنەوە کوردستان

کاروان ستونی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان، تایبەت بە کوردستان 24ـی رایگەیاند: سبەینێ سەرجەم حاجییان، دەگەنەوە خاکی هەرێمی کوردستان. مەسرور  بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی ڕاسپارد، هەموو ڕێکارێک بگرنە بەر بۆ گەڕاندنەوەی حاجییانی کوردستان لە سعوودیە، پاش ئەوەی فڕۆکەخانەکانی عێراق بەهۆی دەستپێکردنی جەنگی نێوان ئیسرائیل و ئێران، گەشتە ئاسمانییەکانیان هەڵپەسارد. 

یەکشەممە 15ـی  حوزەیرانی 2025، کاروان ستونی، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: شەوی هەینی لەسەر شەممە، 10 کاروانی حاجییان کە بە فڕۆکە ڕۆیشتبوون، بەڕێگەی وشکانی گەڕانەوە و بەرەبەیانی ئەمڕۆ گەیشتنەوە هەرێمی کوردستان. ئاماژەی بەوەش کرد، دوێنی شەو 20 کاروانی حاجییان بەڕێکراون و ئێستا لە ڕێگادان، سەرباری ئەوەی هەر ئەمشەو 20 کاروانی دیکە لە شاری مەدینەوە بەڕێگەی وشکانی بەڕێ دەکرێنەوە بۆ هەرێمی کوردستان.

گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان ئاشکرای کرد، سبەی دوا کاروانەکانی حاجییانی هەرێمی کوردستان لە سعوودیەوە بەڕێگەی وشکانی بەرەو هەرێمی کوردستان بەڕێ دەکەون و دەگەڕێنەوە، کۆی کاروانی حاجییانی ئەمساڵیش کە لەڕێگەی وشکانی گەڕاونەتەوە و دەگەڕێنەوە، 110 کاروانن.

بەپێی زانیارییەکانی گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی حەج و عومرە، تا ئێستا 1646 حاجیی کوردستان بەڕێگەی وشکانی گەڕاونەتەوە

350 حاجییش کە بەڕێگەی ئاسمانی گەشتیان کردبوو، بە ڕێگای وشکانی گەڕانەوە کوردستان، زیاتر لە 2 هەزار حاجیش تا ئێستا لە کۆی 5 هەزار و 190 حاجی، گەڕاونەتەوە کوردستان.

 کاروان ستونی، ئاماژە بەوە دەکات،کارئاسانی بۆ گەڕانەوەی حاجییان بە هەوڵەکان و ڕاسپاردەی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان مەسرور بارزانی بووە، بۆ ئەوەی سەرجەم حاجییان بەڕێگای وشکانی بگەڕێنەوە، لەسەر ئەو بنەمایە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی هەموو  رێکارەکانی گرتەبەر بۆ گەڕاندنەوەی حاجییان. 

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment