گاتوزۆ بووە راهێنەری هەڵبژاردەی ئیتاڵیا

گێنارۆ گاتوزۆ بە شێوەیەکی فەرمی لە شوێنی لوسیانۆ سپالێتی، وەکو راهێنەری هەڵبژاردەی ئیتاڵیا دەستنیشانکرا و بەم زووانە لەگەڵ هەڵبژاردەکەی دەست بە ئامادەکارییەکانی بۆ یارییەکانی پاڵاوتنی مۆندیالی 2026 دەکات.
ماڵپەری فەرمی فێدراسیۆنی تۆپی پێی ئیتاڵیا بڵاویکردەوە، گێنارۆ گاتوزۆ یاریزانی پێشووی هەڵبژاردەی وڵاتەکەیان لە شوێنی لوسیانۆ سپالێتی دەبێتە راهێنەری هەڵبژاردەی وڵاتەکەیان. سپالێتی دوای یاری بەرامبەر مولدۆڤا لە پاڵاوتنەکانی مۆندیالی 2026، بە یەکجاری وازی لە راهێنەرایەتی ئازۆری هێنا.
دوای دۆڕانەکەی هەڵبژاردەی ئیتاڵیا بەرامبەر نەرویج لە پاڵاوتنەکانی مۆندیال بە ئەنجامی 0-3، سپالێتی کەوتە ژێر فشارێکی گەورە و دواجار بڕیاریدا واز لە راهێنەرایەتی هەڵبژاردەی وڵاتەکەی بهێنێت، بەرپرسانی تۆپی پێ ئیتاڵیا زۆر هەوڵیاندا کلاودیۆ رانیەری رازی بکەن ببێتە راهینەری هەڵبژاردەکەیان، بەڵام ئەو راهێنەرە رازی نەبوو.
گاتوزۆ لەوەتەی ساڵی 2013 کاری راهێنەرایەتی دەکات، لەو کاتەوە راهێنەرایەتی 11 یانەی کردووە، دیارترین یانەکانیش کە راهێنەرایەتی کردبێت، یانەکانی ئەیسی میلان و ناپۆلی و ڤالێنسیا و ئۆڵمپیک مارسێی بووە، بەڵام لەگەڵ هیچ لەم یانانە سەرکەوتوو نەبوو و یەکەمجاریشە راهێنەرایەتی هەڵبژاردەیەک دەکات.