چەند فەرماندەیەکی باڵای سوپای پاسداران کوژران

سوپای پاسداران، کوژرانی سێ فەرماندەی باڵای پشتڕاست کردەوە و گوتی: بەڵێن بێت تۆڵەی خوێنی شەهیدانمان بکەینەوە.

یەکشەممە 15ـی حوزەیرانی 2025، سوپای پاسداران، لە ڕاگەیەنراوێکدا، کوژرانی هەر یەک لە محەممەد کازمی، سەرۆکی هەواڵگری سوپا، حەسەن موحەقیق، جێگری سەرۆکی هەواڵگریی سوپا و موحسین باقری، فەرماندەی باڵای سوپای پاسدارانی، لە ئەنجامی هێرشەکانی ئیسرائیل پشتڕاست کردەوە.

لە ڕاگەیەندراوەکەی سوپای پاسداراندا هاتووە، هێزەکانی ئیسرائیل خەڵکی مەدەنی و شوێنی نشتەجێبوونی هاووڵاتییان بە ئامانج گرتووە و ئەو سێ فەرماندە باڵایەشیان تیرۆر کردووە. 

سوپای پاسداران بەڵێنی دا، کە تۆڵەی خوێنی فەرماندەکانی بکاتەوە و هەروەها بەڵێنی ئەوەشی دا ئۆپەراسیۆنەکانی بەردەوام بێت تا ئەو کاتەی سوپای ئیسرائیل بە تەواوەتی لەناو دەچێت.

لە ڕاگەیەنراوەکەدا جەخت لەوە کراوەتەوە، کە هێزەکانی سوپای پاسداران لە بەرانبەر شەهیدبوونی ئەم  فەرماندانە چەند شوێنێکی هەواڵگرییان لە ناو خاکی ئیسرائیل بە ئامانج گرتووە.

بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی 13ـی حوزەیرانی 2025، سوپای ئیسرائیل بە فڕۆکەی جەنگی و درۆنەوە، هێرشی کردە سەر ئێران و بۆمبارانی دامەزراوە ئەتۆمییەکان، کارگەکانی دروستکردنی مووشەکی بالیستیکی کرد و ژمارەیەک لە سەرکردە سەربازیی و زانایانی ئەتۆمیی ئێرانشی کوشت.

لە بەرانبەردا ئێران لە درەنگانی شەوی هەینی سەدان مووشەکی بالیستی ئاراستەی تەلئەڤیڤ کرد و سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی ئیسرائیل بەرپەرچی زۆرینەی مووشەکەکانی دایەوە. بەڵام ژمارەیەکیان کەوتەنە خوارەوە و، چەندین باڵەخانە و خانوو، بەو هۆیەوە خاپوور بوون.

 
 
 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment