دیالە.. هاووڵاتیان بۆ خزمەتگوزاریی و گۆڕینی بەرپرسانی شارەکە خۆپیشاندانیان کرد

ئەمڕۆ دووشەممە، 16ـی حوزەیرانی 2025، خۆپیشاندان لەباکووری پارێزگای دیالە دەستی پێ کردەوە، کە هاووڵاتیان داوای باشترکردنی خزمەتگوزارییەکان و گۆڕینی بەڕێوەبەرانی کارەبا و ئاو دەکەن.
میدیاکانی عێراق بڵاویان کردەوە، "دەیان هاووڵاتی لە شارەدێی عوزێم لە باکووری پارێزگای دیالە خۆپیشاندانیان کرد و لافیتەیان بەرزکردەوە و داوای گۆڕینی بەڕێوەبەرانی کارەبا و ئاو و کەم کردنەوەی کرێی کارەبا دەکەن."
هەروەها، خۆپیشاندەران داوایان لە حکوومەتی خۆجێی و عێراق کرد بەزووترین کات وەڵامی داواکارییەکانیان بدەنەوە، لەبەرامبەردا ئیدارەی خۆجێیی پارێزگاکە ڕایگەیاند، داواکارییەکانی هاووڵاتیان بە لایەنە پەیوەندیدارەکان دەگەیەنن.
دۆخی هاووڵاتیان لە پارێزگاکانی عێراق خراپە، بۆیە چەندین جار لە پاریزگای دیالە و زیقار و بەسرە خۆپیشاندان بۆ باشترکردنی خزمەتگوزارییەکان و ئاو و بێکاریی دەکەن، هەروەها ناوچە دوورەدەستەکان و گوندەکانیش پەراویزخراون کەمترین کاریان بۆ کراوە.