ریاڵ مەدرید یانەکانی ئەوروپای تۆقاندووە

ئالێکساندەر ئارنۆڵد
ئالێکساندەر ئارنۆڵد

لەم ساڵانەی دواییە یانەی ریاڵ مەدریدی ئیسپانیا، چەندان یاریزانی دیاری بەخۆڕایی واتە بێ بەرامبەر گواستووەتەوە ریزەکانی، ئەو یانەیە لەم ساڵانە زیاتر پارە لە یاریزانە لاوەکان خەرج دەکات و یاریزانە بە تەمەنەکانیش بێ بەرامبەر دەگوازێتەوە ریزەکانی.

رۆژنامەی وەرزشی مارکای ئیسپانی بڵاویکردەوە، ئەو سیاسەتەی بەرپرسانی یانەی ریاڵ مەدرید گرتویانەتە بەر، ترسێکی زۆری لەسەر یانەکانی ئەوروپا دروستکردووە، لەبەر ئەوەی بەشێک لە یاریزانە بە ئەزموونەکانیان لە کۆتا ساڵی گرێبەستەکانیان، لە پێناو ئەوەی بێ بەرامبەر پەیوەندی بە یانە شاهانەکەوە بکەن، ئامادەنین گرێبەستەکانیان نوێ بکەنەوە.

دیارترین ئەو یاریزانانەی لەم ساڵانەی رابردوو بێ بەرامبەر و دوای کۆتایی هاتنی گرێبەستەکانیان پەیوەندیان بە ریاڵ مەدرید کردووە، بریتین لە دەیڤید ئالابا لە بایرن میونشن، ئانتۆنیۆ رۆدیگەر لە چێڵسی و کیلیان ئێمباپێ لە پاریس سانجێرمان و هەروەها ئالێکساندەر ئارلۆند لە لیڤەرپوول.

مارکا بڵاویشی کردووەتەوە نوێترین پلانی ریاڵ مەدرید بۆ گواستنەوەی یاریزانێکی بێ بەرامبەر، ئیبراهیم کوناتێ بەرگریکاری فەڕەنسی یانەی لیڤەرپوولە، ئەو یاریزانە فەڕەنسیە ئەم وەرزە گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەکەی کۆتایی دێت و ئامادەنیە گرێبەستەکەی نوێ بکاتەوە. بۆیە چاوەڕێ دەکرێت ئیبراهیم وەرزی داهاتوو بێ بەرامبەر پەیوەندی بە ریاڵ مەدریدەوە بکات.

ئیبراهیم کوناتێ

 

 
Fly Erbil Advertisment