مێسی و سوارێز هەڕەشە لە رۆناڵدۆ دەکەن

کریستیانۆ رۆناڵدۆ گۆڵکاری پۆرتوگاڵی پێشووی یانەی ریاڵ مەدریدی ئیسپانیا، بە تۆمار کردنی 8 گۆڵ باشترین گۆڵکاری مۆندیالی یانەکانە، ئەو یاریزانەی ئێستای یانەی نەسڕی سعوودی نەیتوانی لەگەڵ یانەکەی بەشداری مۆندیالی ئەمساڵ بکات.
لە دوای رۆناڵدۆ هەر یەکە لە لیۆنێل مێسی و لویس سوارێز هەردوو ئەستێرەی یانەی ئینتەر مەیامی ئەمریکا، بە تۆمار کردنی 5 گۆڵ پلەی دووەم و سێیەمی باشترین گۆڵکارانی مۆندیالی یانەکانیان گرتووە، ئەو دوو یاریزانە لەگەڵ یانەکەیان بەشدارن لە مۆندیالی یانەکانی 2025 و دەرفەتی ئەوەیان لەبەردەمە، بۆ ئەوەی ریکۆردەکەی کریستیانۆ بەناوی خۆیانەوە بکەن.
هەرچەندە دوو ئەستێرەکەی ئینتەر مەیامی لە یەکەم یاری یانەکەیان لە مۆندیالی یانەکان، بەرامبەر یانەی ئەهلی مسڕی هیچ گۆڵێکیان نەکرد، بەڵام بەهۆی شێوازە نوێیەکەی ئەو پاڵەوانێتیە چانسی ئەوەیان لە بەردەمە، لە دوو یاری داهاتوو قۆناغی کۆمەڵەکان ئەو ریکۆردە بەناوی خۆیانەوە بکەن.
ئینتەر مەیامی رۆژی 19ـی ئەم مانگە لە دووەم یاری خۆی لە مۆندیالی یانەکان، رووبەڕووی یانەی پۆرتۆی پورتوگاڵی دەبێتەوە، پاشان رۆژی 24ـی ئەم مانگە لە سێیەم یاری و کۆتا یاری قۆناغی کۆمەڵەکانی مۆندیالی یانەکان، رووبەڕووی یانەی پاڵمێراسی بەڕازیلی دەبێتەوە.