یاریزانێک بووە هۆی لەدەستدانی 1 ملیۆن دۆلار

لە یاری نێوان هەردوو یانەی ئینتەر مەیامی ئەمریکا و ئەهلی مسڕی، لە یەکەم یاری مۆندیالی یانەکان هەردوو یانە بەبێ گۆڵ یەکسانبوون، بەم شێوەیە هەردوو یانە بونە خاوەنی یەک ملیۆن دۆلار. لەبەر ئەوەی بەرامبەر هەر یەکسانبونێک یانەکان ئەو بڕە پارەیە وەردەگرن.
ماڵپەری یەلا کورەی مسڕی بڵاویکردەوە، لە یاری یانەکەی وڵاتەکەیان بەرامبەر ئینتەر مەیامی ئەمریکی، کاتێک لێدانی سزا بۆ یانەکەیان گیرا، دەمەقاڵێ و مشتومر لە نێوان سێ یاریزان لەسەر جێبەجێ کردنی لێدانەکە دروست بوو، راهێنەری یانەکەیان پێشتر بڕیاریداوە وسام ئەبو عەلی جێبەجێکاری لێدانی سزا بێت، بەڵام مەحمود حەسەن ترێزێگە نەیهێشت ئەو یاریزانە لێدانەکە جێبەجێ بکات و خۆشی لێدانەکەی فەوتاند.
فەوتاندنی لێدانە سزایەکە بووە هۆی ئەوەی یانەی ئەهلی مسڕی نەتوانێت بەرامبەر رکابەرەکەی براوە بێت، ئەمەش وایکرد ئەو یانەیە 1 ملیۆن دۆلار لەدەست بدات، چونکە بەرامبەر هەر بردنەوەیەک یانەکان 2 ملیۆن دۆلار وەردەگرن.
ماڵپەری یەلا کورە بڵاویشی کردەوە مەحمود خەتیب سەرۆکی یانە ئەهلی، بەهۆی هەڵسوکەوتەکەی حەسەن ترێزێگە یاریزانی یانەکەیان بڕیاریداوە ئەو یاریزانە بەرامبەر یەک ملیۆن پاوەندی مسڕی سزا بدات، سەرەتا سزاکەی 250 هەزار پاوەند بووە، بەڵام کاتێک سەرۆکی یانەکە زانیویەتی یانەکەیان 1 ملیۆن دۆلاری لەدەستداوە، سزای یاریزانەکەشیان زیاد کردووە.