'' من پاڵێوراوی یەکەم بووم بۆ پەیوەندی کردن بە ریاڵ مەدرید ''

یاسین بونۆ
یاسین بونۆ

یاسین بونۆ گۆڵپارێزی مەغرینی یانەی هیلالی سعوودی، پێش یاری ئەمشەوی یانەکەی بەرامبەر ریاڵ مەدرید لە گەڕی یەکەمی مۆندیالی یانەکانی 2025، چەند نهێنیەک سەبارەت بە پەیوەندی کردن بە ریزەکانی یانە شاهانەکە ئاشکرا دەکات.

گۆڵپارێزەکەی یانەی هیلالی سعوودی سەبارەت بە دەنگۆکانی چەند وەرزێک لەمەوبەر و پەیوەندی کردن بە ریزەکانی یانەی ریاڵ مەدرید دەڵێت '' ئەو کاتەی تیبۆ کۆرتوا گۆڵپارێزی یەکەمی ئەو یانەیە تووشی پێکان بوو، من بژاردەی یەکەمی ئەو یانەیە بووم بۆ شوێنگرتنەوەی گۆڵپارێزە بەلجیکیەکە، بەڵام دواجار ئەو گواستنەوەیە بە چەند هۆکارێک سەری نەگرت ''.

یاسین لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا باس لە هۆکاری شکستهێنانی پرۆژەی گواستنەوەی بۆ ریزەکانی یانە شاهانەکە دەکات و دەڵێت '' بەرپرسانی ریاڵ مەدرید ئامانجی یەکەمیان ئەوە بوو گۆڵپارێزێک بە خواستن بگوازنەوە ریزەکانیان، ئەمەش وایکرد بەرپرسانی ئەو کاتی یانەکەم واتە سێڤییا رازی نەبن، هەروەها هۆکاری دووەم کە وایکرد نەتوانم پەیوەندی بە ریاڵ مەدرید بکەم، بەشداری کردنم بوو لە جامی نەتەوەکانی ئەفریقا ''.

یاسین بونۆ ماوەیەکیش بووە ئامانجی یانەی بایرن میونشنی ئەڵمانیا، بەڵام یانە ئەڵمانیەکەش کە مانویڵ نۆیەر گۆڵپارێزی پێکانی هەبوو، ئەوانیش بە هەمان شێوە ویستیان بە خواستن بیگوازنەوە یانەکەیان، لە کۆتاییدا گۆڵپارێزە مەغریبیەکە پەیوەندی بە یانەی هیلالی سعوودی کرد.

 
Fly Erbil Advertisment