پاش 29ساڵ، تەرمی ئایشەشان هێنرایەوە دیاربەکر

تەرمی هونەرمەندی کۆچکردووی کوردی باکووری کوردستان ئایشە شان، دوای چەندان ساڵ ئەمڕۆ لە ڕێوڕەسمێکی تایبەتدا هێنرایەوە گۆڕستانی دیاربەکر.
چوارشەممە، 18ـی حوزەیرانی 2025، دوایی تێپەڕبوونی 29 ساڵ مردنی ئایشە شان لە ئیزمیر، ئەمڕۆ تەرمەکەی هێنرایەوە دیاربەکر و لە ڕێوڕەسمێکی تایبەتدا بەخاک سپێردرا.
ئایشە شان کە بە "شاژنی بێتاج" ناسراوە، بە یەکێک لە دەنگە ئەفسانەییەکانی مۆسیقای هاوچەرخی کوردی دادەنرێت. ساڵی 1938 لە دیاربەکر، لە باکووری کوردستان، لەدایک بووە, لە 18ی کانوونی دووەمی 1996بە نەخۆشیی شێرپەنجە لە شاری ئیزمیر کۆچی دوایی کرد.
ئایشە شان، وەسییەتی کردبوو لە تەنیشت گۆڕی دایکی، لە دیاربەکر بنێژرێت، بەڵام هەلومەرجی ئەو کات ڕێگر بووە لەم جێبەجێکردنی وەسییەتەکەی.
زەینەب یاش، بەرپرسی بەڕێوەبەرایەتی ڕۆشنبیری و هونەری گەورە شارەوانیی دیاربەکر، بە کوردستان24ـی گوت: دوای 29 ساڵ لە مردنی، ئەمڕۆ ئایشە شان، گەڕایەوە ماڵەکەی. ئەو، قوربانیی زۆری بۆ ئەم خاک و ناوچەیە دابوو، ئێمە هەم دڵخۆشین و هەم غەمگینین بە هێنانەوەی تەرمەکەی، لەمە بەدوا دەتوانین هەموو ساڵێک ساڵیادی کۆچی دوایی بکەینەوە.
ئایشەشان
بە یەکێک لە دیارترین و باشترین دەنگەکانی سەدەی رابردوو دادەنرێت، دەنگێک هەڵقوڵاوی ڕەسەنایەتی، کۆژان و چەوساندنەوەی باکوری کوردستانە. ئایشە شان، منداڵیی بە سەختی ژیان و نەداری و بێباوکی دەست پێ دەکات، پاش مردنی باوکی لە ماڵی خوشکە گەورەکەی ژیان بەسەر دەبات، هەر بەهۆی نەداری و هەژاری، تەنیا قۆناغی سەرەتایی خوێند.
"ئەز غەزالم" یەکەم گۆرانی ئایشە شانە، کە لە ساڵی 1963 بڵاوی کردەوە. گۆرانیگوتن بە زمانی کوردی، دەبێتە هۆی ئەوەی بە ناچاری تورکیا بەجێ بهێڵێت و بچێتە ئەڵمانیا. ساڵی 1979 ئایشە شان، لە ڕادیۆی کوردیی بەغدا و تەلەفزیۆنی کوردیی کەرکووک، چەندان گۆرانی کوردیی تۆمار کرد. "شاژنی بێتاج" بە یەکێک لە دەنگە ژنانە ڕەسەنەکانی کورد لە قەڵەم دەدرێت.