ئەو گەشتیارانەی گەشتەکانیان هەڵوەشاوەتەوە قەرەبوو ناکرێنەوە

بە هۆی گرژی و ئاڵۆزی ناوچەکە، ماوەیەکە گەشتە ئاسمانییەکان وەستێنراون، لەم ماوەیەدا هەزاران تکتی فرۆکە، کە لە لایەن گەشتیاران کڕدرابوون، هەڵوەشێنراونەتەوە. گەشتیاران گلەیی لە بەشێک لە کۆمپانیاکان دەکەن کە پارەکانیان بۆ ناگەڕێننەوە و زەرەرمەند بوون، لە بەرامبەریشدا کۆمپانیایەکی فڕۆکەوانی دەڵێت: لە کاتی وادا دەبێت گەشتیار قەرەبوو بکرێتەوە، یان کاتی گەشتەکەیان بگۆڕن.

حوسێن ئەبو عەلی، خەڵكی سووریایە و دانیشتوی بەریتانیایە، هەڵگری تراوڵ پاسپۆرتی ئەو وڵاتەیە، ماوەیەکە بۆ گەشت هاتووەتە کوردستان و کاتی گەڕانەوەی نزیکە بەڵام بە هۆی داخرانی فڕۆکەخانە، ناتوانێ بگەڕێتەوە، چون بۆ تورکیاش توشی کێشەی دەکات، لە گەڵ سێ ئەندامی خێزانەکەی تکتەکانیان بە ئۆنلاین کڕیوە و ئێستا گەشتەکەیان هەڵوەشێنراوەتەوە.

حوسین، بەکوردستان24ـی ڕاگەیاند، بڕیار بوو کاتژمێر 12:05 خولەکی شەو لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر بۆ لەندەن گەشت بکەین، ئێمە چوار کەس تکتمان بە 1500 دۆلار بڕی، بەڵام بەهۆی ئەو گرژییە سەربازییەی لە ناوچەکە هەیە، فڕۆکەکەی ئێمە نەیتوانی بفڕێت.

گوتیشی: ئێمە ئیمەڵمان بۆ کۆمپانیاکە نارد تاوەکوو پارەکەمان بداتەوە، بەڵام گوتیان ئەوە کێشەی ئێمە نییە، فڕۆکەکەتان گەشتی نەکردووە و پارەکەتان بۆ ناگەڕێنینەوە.

سەرجەم کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانی لە کاتی داخستنی گەشتە ئاسمانیەکان کە حکوومەت بریاری داخستنی ئەدات، پێویستە پارەی تكتەکەیان بۆ قەرەبوو بکەنەوە، یان کاتی گەشتەکەیان بۆ بگۆرن، ئەمەش قسەی خاوەنی یەکێک لە کۆمپانیاکانی فڕۆکەوانیە. 

نەشوان ئیبراهیم، خاوەنی کۆمپانیای فڕۆکەوانی گوتی: ئەو گەشتیارانەی تکتی مانگی 7ـیان هەیە هیچ کێشەیان نییە، بەڵام ئەوانەی تکتی مانگی 6ـیان هەیە و هەڵوەشابێتەوە ئەوە پارەکانیان بۆ دەگەڕێنینەوە، بەڵام کێشەکە ئەوەیە ئێستا گەشتیاران فێربوونە تکتی ئۆنلاین دەبڕن، ئەوەش کێشەیان بۆ دروست دەکات. 

بە پێی دوایین ئاماری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر، لە ماوەی داخستنی فڕۆکەخانەکەوە تا ئێستا، 220 گەشتی ئاسمانی هەڵوەشێنراوەنەتەوە. 

 

 
 
 
 
Fly Erbil Advertisment